سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی 3 ملیار دینار دا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە بەردەوامیی گرنگیدان بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تەواوی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە شاری ھەولێر، ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی 2 ملیار و 878 ملیۆن دینار بۆ لێدانی 40 بیری ئاوی خواردنەوە دا.
ڕاشیگەیاند: ئەم گوژمەیەش بە شێوەی نەختینە و بە قۆناغ، لەسەر بودجەی ئاساییی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خەرج دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش دا کە “بەهۆى کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو، کابینەى نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پلانی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاو لەو ناوچانەی کە گرفتیان هەیە، جێبەجێ دەکات”.