شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرۆک و ئەندامانی حیزبە سیاسییە تورکمانییەکان و (عارف ئێردان) جێگری کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی تورکمان، ١١٢ـمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی تورکمان کرایەوە و ڕێزلێنانیش بەخشرایە دەستەیەک لە میدیاکار و سەرۆکی لایەنە سیاسیەکان.
(مونا قەهوەچی) سکرتێری پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانی، لە وتارێکی تایبەتی دا سەبارەت بە یادەکە ڕایگەیاند: ١١٢ ساڵ لەمەوبەر یەکەمین ڕۆژنامەی تورکمانی لەژێر ناوی (الحوادپ) لە شاری کەرکوک دەرچوو، کە دەنگ و ڕەنگی نەتەوەی تورکمان بوو، هاوکات پەیامی ئەو نەتەوەیەی دەگەیاندە عێراقییەکان و داکۆکیکارێکی سەرسەخت بوو بۆ بەرگریی کردن لە کەلتووری نەتەوەکەمان لە چوارچێوەی عێراقدا، دوای ٨ ساڵ لە دەرچوونی ئەو ڕۆژنامەیە ئینگلیزەکان دایان خست و چیتر ڕێگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی نەدرا.
ئێستاش لە هەرێمی کوردستان بە یاسایەک ڕۆژی ٢٥ـی شوبات دیاریکراوە، وەک جەژنی ڕۆژنامەگەریی تورکمانی و بڕیاریشمان داوە ساڵانە ئەو یادە بکەینەوە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە میدیاکارە خاوەن ئەزموونەکان و سەرۆک حیزب و لایەنە سیاسییە تورکمانیەکان.