بۆ بایەخدان بە زمانی کوردی و گۆڕینی سیمای شارەکان، هەنگاوی گرنگ دەنرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ماوەی چەند ساڵێکە هێما و نووسینی سەر تابلۆ و دووکان و شوێنە گشتی و تایبەتییەکانی کوردستان زمانی عەرەبی و ئینگلیزی خەریکە جێ بە زمانی کوردی لێژ دەکەن و ئەو دۆخەش نیگەرانیی دڵسۆزانی زمانی کوردی لێ کەوتبووەوە و هاواری ئەوانی بەرز کردبووەوە. حکوومەتی هەرێی کوردستان بەرەو پیریی ئەو هاوارە هاتووە و قۆڵ هەڵماڵدراوە تا کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنرێت.

نووسینی تابلۆی سەر دووکان و مارکێتەکان لایەنێکی کێشەکە بووە و کێشەیەکی تر بوونی ئەو ژمارە زۆرە کرێکارە بووە کە لە کوردستان کار دەکەن و لە کوردستان دەژین بەڵام فێر نەبوون بە زمانی فەرمیی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن. میوان بووەتە خانەخوێ و خانەخوێش لە مڵەکەی خۆی بووەتە بێگانە.
هەندێک شەقام و ریزە دووکان لە هەولێر هەن کە ئەگەر کەسێک ئاشنای پیتە لاتینی و ئینگلیزی نەبێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بزانێت دووکانەکە ناویان چییە و وەک ئەوە وایە لە شەقامی وڵاتێکی بیانی پیاسە بکەیت و بەشوێن دووکانێکی دڵخوازدا بگەڕێی.
هەست دەکرێ زیاتر لە شارەکانی تر ئەو سیمایە بە هەولێری پایتەخت دیار بووە و تەنانەت لە هەندێک لە خواردنگەکاندا جگە لەوەی کە کرێکارەکانیان کورد نین، بگرە ئەو لیستی خواردنانەش کە دێتە بەردەمت بە زمانی کوردی نەنووسراون، لە کاتێکدا تۆ لە پایتەختی کوردستانی و بە هەزاران کەس تەنیا لە پێناو خوێندن ونووسین بە زمانی کوردی گیانیان فیدا کردووە و هێشتا کورد لە پارچەکانی تری کوردستان بۆ بەدیهێنانی ئەو مافە خوێن دەدات، کەچی لە پایتەختی کوردایەتی بۆت نەبێ بە زمانی کوردی داوای خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی بکەی.
ئەو سیما دژە کەلتوورییەی باڵی بەسەر پایتەختدا کێشاوە شایانی ئەوە بوو بڕیاری گونجاوی لەبارەیەوە بدرێ و بە خۆشییەوە لە لایەن سەرۆکی حکوومەت بە فەرمی چەند بڕیارێک دەرکراون کە ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێن ئەوا دووبارە ڕەونەق بە زمان و کەلتووری کوردی و ڕەسەنایەتی و سیمای کوردانەی هەولێر و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان دەبەخشنەوە.
هەفتەی ڕابردوو لە یادی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو فەرمانی تایبەت بە بایەخدان بە زمانی دایک دەرکرد. له‌ فه‌رمانی یه‌كه‌مدا هه‌ردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە ڕاسپێردراون بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بەمەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئامادە بکەن.
له‌ فه‌رمانی دووه‌میشدا سه‌رۆكی حكومه‌ت گشت وه‌زاره‌ته‌كانی ڕاسپاردووه‌ پاڵپشت به‌ یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان، لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، کاری پێویست بکەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکوومەتی و ناحکوومەتییەکان، نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان، ڕێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت. هەروەها له‌ بریاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تدا هاتووە‌؛ لە هوتێل و شوێنە گەشتیاری و خواردنگەکان، دەبێت بایەخ بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنماییەکان، بەزمانی کوردی بنووسرێن.
دەزگاکان خەریکە دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەن و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا کە ڕۆژی شەممە بەڕێوەچوو، ڕایگه‌یاند: دەستمان بە جێبەجێکردنی فەرمانەکان کردووە کە تایبه‌تن‌ به‌ نووسینی تابلۆ به‌ زمانی كوردی، له‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراو و فه‌رمانگه‌ حكوومەتی و ناحكوومەتییه‌كان، هه‌روه‌ها دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت، كۆمپانیا و نوێنه‌رایه‌تی، كونسوڵگه‌ری وڵاتان و رێكخراوه‌ بیانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان؛ هەروەها لە هۆتێل و خواردنگە گه‌شتیارییه‌كانیش دەبێت لیستی خواردن و ڕێبه‌ر، به‌ زمانی كوردی بن.
بەگوێرەی ئەو رێکارەی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە داندراوە تا ماوەیەکی دیاریکراو دەرفەت بە خەڵک دەدرێ تا خۆیان ڕێنماییەکان بە تەواوی جێبەجێ بکەن و ئەگەر تا کاتی دیاریکراو فەرمانەکان جێبەجێ نەکران، ئەوا دەست بە سزادان و لێپێچینەوەیان دەکرێت.
سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ واتە زیاتر لە مانگێک دەستنیشان کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و جگە لەمە بیانییه‌كان ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی ده‌زگا تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه‌، كۆرسی زمانی كوردی وه‌ربگرن و فێری كوردی بكرێن.
ئەوەی دەستی پێکراوە زۆر گرنگە و جێبەجێکردنی دەبێتە هۆی ئەوەی پارێزگاری لە زمانی کوردی بکرێ و سیمای شارەکانی کوردستانیش هەر بەو هێمای کوردانە بنەخشێندرێن.