بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی، یەکێکە لە ڕێگە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ هاوڵاتیان لە شاری هەولێر کە لە ساڵانی ڕابردووەوە سوودی لێ وەردەگیرێت و ئەمەش وای کردووە ساڵ دوای ساڵ ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی لە شاری هەولێردا ڕوو لە کەمی بدات و بە پێی پێشبینییەکانیش ساڵی ٢٠٣٠ بەهۆی دابەزینی ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی، قەیرانی ئاو لەم شارە دروست دەبێت.
دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی بۆ دەستکەوتنی ئاوی خاوێن لە ڕێگەی لێدانی بیرەوە ڕێژەی ٦٠٪ ی پێویستی هاوڵاتیان لە شاری هەولێر دابین دەکات بەڵام زۆری ڕێژەی بیرەکان مەترسییەکی گەورەیان خستووەتە سەر ئاوی ژێر زەوی و، بەكارهێنانی ئەم ڕێگەیە بە شێوەیەكی بەردەوام وایكردووە قۆناغ بە قۆناغ ئاستی ئاوی ژێرزەوی دابەزێت. ئێستا ژمارەی بیرە فەرمییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ١٢٤٠ بیرە، كە ڕێژەی ٦٠٪ی پێویستیی هاوڵاتییان لە شارەكە دابین دەكەن. ئەمە جگە لەو بیرانەی كە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و پڕۆژە بازرگانییەكانی سەر بە وەبەرهێنان لێدراون كە مەزەندە دەكرێت ئێستا ڕێژەیان (١٢٠٠) بیر بێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی كوردستانیش ڕایگەیاندووە، لە ماوهی ٢٠ ساڵی رابردوودا ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەشاری هەولێر ٥٠٠ مەتر دابەزیوە و، لە ٢٠٢٢ نزیکەی ٣٠٠ بیری ئاو وشکیان کردووە و ئاماژەی بەوەش كردووە، ئاستی قوڵاییی بیرەکانیشی کە لێدەدرێت تادێت زیاد دەبێت و، بەپێی ساڵ گۆڕانكاری بهسهردا دێت؛ كه بهمشێوهیه بووە:
ساڵی ١٩٩٦: قووڵایی بیرلێدان ١٢٠ مەتر بووه
ساڵی ٢٠٠٣: قووڵایی بیرلێدان ٢٠٠ مەتر بووه
ساڵی ٢٠١٠: قووڵایی بیرلێدان ٣٠٠ مەتر بووه
ساڵی ٢٠٢١: قووڵایی بیرلێدان ٥٠٠ مەتر بووه
ساڵی ٢٠٢٢: قووڵایی بیرلێدان ٧٠٠ مەتر بووه
فەرمان رەشاد، نوینەری ڕێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان، لەکۆنگرەیکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا له شاری هەولێر ئاوی ژێر زەوەی بەرێژی١٠٠٪ دابەزیوە، زۆر بوونی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون هۆکاری سەرەکی دابەزینی ئاوە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکرد بۆ ماوەی چوار مانگ لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ئاوەی ژێر زەوی ئەنجام داوە و بۆیان دەرکەوتووە: ڕۆژانە بڕی ٨٥٠هەزار مەتر سێجا ئاوە بەفیڕۆ دەدرێت لە هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەش کرد لە شاری هەولێردا: ٥٠هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کاریان تێدا دەکرێت کە لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا تەواو دەبن، جگە لەوەش ٦٠٪ ئاوی هاوڵاتیان لە ڕێگای ئاوی ژێر زەویەوە دابین دەکرێت. لەلایەکی دیکەشەوە دەیان پرۆژی نیشتەجێبوون و بازرگانی دروست دەکرێت پشت بە ئاوەی ژێر زەوەی دەبەستێت.
باسی لەوەش کردووە ئاوی ژێر زەوەی بەردەوام لە دابەزیندایە، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا مەترسی زیاتر بووە، بەجۆرێک ڕێژەی قووڵایی بیرەکان بۆ ٤٥٠مەتر دابەزیوە و، رێژەی بەرهەمی ئاویش ٧٠گالۆن بۆ خولەکێک دابەزیوە، هەروەها لەگەڵ فراوانبوونی شاری هەولێر و دروستکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەماوەی دەساڵی رابردوودا بەرێژەی ١٠٠٪ ئاوی ژێر زەوەی دابەزیوە، گەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٣٠ تووشی قەیرانی ئاو دەبێت.