دەرهێنانی پاسپۆرتی زیرەک

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

زیاتر لە مانگ و نیوێکە مامەڵەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان ڕاوەستاوە و هۆکارەکەشی نەمانی دەفتەری پاسپۆرتە کە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم دەکرێت.

لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لەبەر “نەبوونی دەفتەری خام”، نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت راگیراوە.
وتیشی “مامەڵەی هاوڵاتیان لە هەولێر و بەغداش رایی دەکرێن، بەڵام گەڕاندنەوەی پاسپۆرتەکە گرفتی بۆ دروست بووە.
دەربارەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشن یان کارێکی تایبەت و زۆر پێویستیان هەیە، لیوا هێرش گوتی: “دەفتەری یەدەگمان بۆ ئەو کەسانە داناوە و بە خێرایی پاسپۆرتیان بۆ دەگەڕێتەوە”.
عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوە کرد کە کاروبارەکانی هاوڵاتیان لای ئەوان بەڕێ دەکرێت تا دەگاتە ئەوەی کە پێویستی بە دەفتەری خام هەیە و مامەڵەکان لەوێ دەوەستن هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پێشتر حکومەتی عێراقی دەفتەری خامی پاسپۆرتی لە وڵاتی ئەڵمانیا بەدەست دەگەیشت و، گرێبەستی لەگەڵ ئەو وڵاتە کردبوو بۆ ناردنی دەفتەر، هەرچەندی ویستبا دەگەیشتە فرۆکەخانەی بەغدا و لەوێوە دابەشی سەر شارەکانی عێراق دەکرا، دواتر حکومەتی عێراقی بیری لەوە کردەوە کە خۆی دەفتەرەکان دروست بکات، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری کرینەوەی کارگەکەیاندا لە وڵاتی ئەڵمانیا و هێنایەنە فڕۆکەخانەی بەغدا و خۆیان ئیشیان لەسەرکرد. لەو ڕۆژەوە بەرهەمهێنانی دەفتەر ڕووی لە کەمی کرد تا گەیشتە ئەوەی ئێستا لە سەرتاسەری عێراقدا کێشەی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت هەیە.
وتیشی، وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەوروپی کردووە بۆ بەرھەمهێنانی دەفتەری پاسپۆرت و لە ماوەی هەفتەی داھاتوودا پرۆسەی دەرکردنی پاسپۆرت دەست پێدەکاتەوە و ھاووڵاتیان دەتوانن دەست بە مامەڵەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت بکەن.
سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنی پاسپۆرتی زیرەکیش، عەمید سالار وتی، بڕیار بوو دەرکردنی پاسپۆرتی زیرەک لە مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو دەست پێبکات، دواتریش خرایە مانگی دوو، ئێستاش بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێن لە مانگی سێدا دەست پێدەکات، لە هەموو دۆخێکیشدا وەزیری ناوخۆ پێداگرە لەسەر ئەوەی پرۆسەکە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست پێبکات.