وەزیری رۆشنبیری و لاوان: جێبەجێنەکردنی یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی خۆمانە

محەمەد سەعید عەلی، وەزیری رۆشنبیری و لاوان رایگەیاند، یاسای زمانە فەرمییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە و، گوتیشی “فەرامۆشکردنی ئەو یاسایە لە هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی خۆمانە”.

وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە کۆنفرانسی پرسی زمان لە راگەیاندن و ریکلامی بازرگانیدا کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاند و چاپ و بڵاوکردنەوە پێشکەشی دەکات، ئاماژەی بەوەدا، یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە، ئەرکی بایەخدان و پاراستنی زامنی کوردی و زمانی پێکهاتەکانی دیکەی کوردستانی بەم وەزارەتە سپاردووە.

گوتیشی: لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، بایەخ بەو پرسە بدات و لە خەمی پاراستنی زمانی کوردی و زمانی پێکهاتەکاندا بێت.

ساڵی 2014 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای زمانە فەرمییەکانی دەرکرد، ئەو یاسایەش جەخت لە فرەیی زمان لە عێراق دەکاتەوە، لە کۆتایی هەمان ساڵیشدا پەرلەمانی کوردستان یاسای زمانە فەرمییەکانی لە هەرێمی کوردستان دەرکرد.

محەمەد سەعید عەلی باسی لەوەشکرد، کە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە 27 ماددە پێکهاتووە، هەموو بوارەکانی تایبەت بە زمانی یاسا و دادگا، زمانی دامەزراوە حکومییەکان، زمانی خوێندن و زمانی پێکهاتەکان رێکخستووە، گوتیشی: سەرباری پشتیوانی دەستوور و یاساکان بۆ زمانی کوردی و زمانی پێکهاتەکان، بەڵام تا ئێستا یاساکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراون.

سەبارەت بە جێبەجێنەکردنی یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان وەزیری رۆشنبیری و لاوان رایگەیاند، “خەتاکە لە ئەستۆی خۆمانە، بۆیە دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەجددی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن”.

لە کۆنفرانسی پرسی زمان لە راگەیاندن و ریکلامی بازرگانیدا لە ماوە دوو رۆژدا، چوار پانێڵ لەلایەن شارەزایانی بواری زمان و میدیاکاران پێشکەش دەکرێت و هەر یەکێکیان لە دیدێکی جیاوازەوە لەبارەی پرسی زمانەوە دەدوێت.