دیندار زێباری: کار لەسەر کاریگەرییەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەین

بەمەبەستی گفتوگۆی کوردستان و ڕێکخراوەجیهانییەکان بۆ هاریکاری کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، کۆبوونەوەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێکخراوی UNDC نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر بەڕێوە چوو.

د. دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای کۆبوونەوە گوتی: پێشترو تا 2018 چەندان دۆسیەمان هەبووە لە تووشبووانی ماددەی هۆشبەر و ئاڵوودەبوون، بەڵام ئێستا سەدان دۆسیەمان هەیە کە نزیکەی چوار هەزار تووشبوومان لە زیندان و چاکسازییەکاندان و ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەکانن، بۆیە ئێستا کوردستان لە مەترسی هەڕەشەی ماددەی هۆشبەردایە.

گوتیشی: بۆ ڕێگری لە هەڕەشەی زیاتری مەترسییەکانی ماددەکانی هۆشبەر پێویستمان بە توندوتۆڵکردنی سنوورەکانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پاشان چارەسەری بۆشایی ئەمنی لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و خۆپارێزیش له‌ هۆشیاری و خولی ڕاهێنان بۆ دژایەتی ماددە هۆشبەرەکان.

لەلایەن خۆشیەوە عەلی ئەکبەری نوێنەری ڕێکخراوی undc لە عێراق گوتی: ئەرکی ڕێکخراوی سەراپاگیری نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ هاوکاری حکومەتەکان تا بتوانن بەرەنگاری ماددەی هۆشبەرببنەوە، لەو چوارچێوەیە هاریکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین تابتوانن پێش بەو مەترسیانە بگرن کە ماددەی هۆشبەر لە کۆمەڵگەکەدا دروستی کردووە.