هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە لەبەردەم شاندی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵیە بۆ ڕێککەوتن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هەفتەی رابردوو لە بەغدا دانوستانەکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی گەیشتە چەند هەواڵێکی ئەرێنی و رێککەوتنی سەرەتاییان راگەیاند، بڕیارە ئەم هەفتەیەش سەردانی بەغدا بکەنەوە و تا کۆتایی هەفتە لە بەغدا بمێننەوە و دانوستانەکان بە کۆتایی بگەیەنن.

پێویستە بگوترێ کۆمەڵێک پرسی هەڵواسراو لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا لە ئارادان کە هەندێکیان کۆن و هەندێکی تریان نوێن. هەر دوو حکوومەت بڕیاریان داوە لەسەر بنەمایەکی تۆکمەتر ڕێککەوتن بکەن و بە بەرچاوڕوونییەکی زیاتر درێژە بە پێوەدنییەکانیان بدەن.
کێشەی نەوت و گاز، پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، پرسی پێشمەرگە و مادەی ١٤٠ و کۆمەڵێک کێشەی تر لە نێوانیاندا هەیە کە شایانی ئەوەن چارەسەر بکرێن. لە گرنگترین ئەو پرسانە کە زیاتر باسیان لێوە کراوە پرسی یاسای نەوت و گاز و بودجە بووە و ڕەنگە چارەسەرکردنی بنەڕەتییانەی سەرجەم کێشەکان زۆر زیاتر لەوە درێژە بکێشێت کە چاوەڕوان دەکرێت.
بەپێی کارنامەی حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، لیژنەیەکى یاسایی و دارایی و نەوتی لە هەر دوو حکوومەتى فیدراڵیی عێراق و هەرێمى کوردستان پێکدەهێندرێت کە چەند ئەرکێکیان دەبێت، لەوانە پێداچوونەوە بە کەرتى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و پێوەندیی نێوان وەزارەتى نەوتى فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە گوێرەی دەستوور بە ماف و ئەرکەکانیاندا بچنەوە. کازمی پێشتر لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردبوو کە پێویستە لە ماوەیەکی دیاریکراودا بەشێک لەو کێشە گرنگانە چارەسەر بکەن و بە ڕێککەوتن بگەن.
بڕیارە سبەی دووشەممە شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جارێکی تر دووبارە سەردانی بەغدای پایتەخت بكەنەوە بە ئامانجی درێژەدان بە گفتوگۆكردن لەسەر یاسای نەوت و گاز، بڕیاریشە شاندەكە تاوەكو کۆتایی ئەم هەفتەیە لەبەغدا بمێننەوە.
دۆسیەی نەوت و گاز یەكێكە لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كە هەتا ئێستا ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە لە چوارچێوەی دەستوور و مافەکانیدا و لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق نەوت بفرۆشێت و پشکیشی لە بودجەی عێراق دیاری بکرێت.
باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراقیش گوتبووی، هەرچەندە دوو هەفتە لەمەوبەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تەواو کراوە، بەڵام بەهۆی گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بڕیاردراوە پێداچوونەوە بە بودجەکەدا بکرێت، چاوەڕێش دەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند بکات.
ڕەنگە پرسی دواخستنی ناردنی بودجەی عێراق بۆ پەرلەمان تەنیا پرسی گۆڕانکارییەکانی نرخی دینار نەبێت بەڵکوو هەوڵ دەدرێ بودجە لە دوای ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە پەرلەمان بدرێ بۆ ئەوەی خێراتر گفتوگۆی لەبارەوە بکرێ و بخرێتە دەنگدانەوە و دواجار پەسند بکرێت.
لایەنە کوردستانییەکان دەنگ بە بودجەیەک نادەن ئەگەر بە زیانی هەرێمی کوردستان نووسرابێت و مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا لەبەرچاو نەگیرابێت.
بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێنراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای دۆخی بازاڕی وزە و گۆڕانکارییە جیهانیەکان دیاری کراوە.
پێشتریش جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندەکەی هه‌رێم بۆ به‌غدا، گوتبووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای رێكکەوتنە سیاسییەکەی پێکهێنانی حکومەتی سوودانی، بۆ داڕشتن و ئامادەکردنی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ و یاسای نەوت و گاز و چەندین بابەتی پەیوەندیدار سەردانی بەغدا ده‌كات و بۆ پرسی نەوت و گازیش لێکتێگەیشتنێک لەسەر بنەما گشتییەکان هەیە، بەڵام پێویستی بە گفتوگۆ و کۆبونەوەی زیاتر هەیە و لیژنە هاوبەشەکە لە چەند رۆژی داهاتودا، بۆ كارپێكردن بەو لێکتێگەشتنەی نێوان هەر دوو لا لەسەری ڕێككەوتون، دەستبەکار دەبێت.
سڵی رابردوو عێراق خاوەنی یاسای بودجە نەبوو بەڵام بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەغدا دەبوایە مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بداتە هەرێمی کوردستان بەڵام ئەو پشکە تەنیا چەند مانگێک نێردراوە و حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی لەم بارەیەوە بە تەواوی جێبەجێ نەکردووە.