د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی پارتی:مێدیای پارتی هەمووکات سەنگین و ئاشتیخواز بووە

لە میانی گفتۆیەکدا، لەگەڵ ئێزگەی دەنگی کوردستان، د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی دوای کۆنگرەی پارتی و ڕۆڵی ڕاگەیاندنی پارتی لە قۆناغی ئێستەدا و ڕایگەیاند: ڕۆڵی ڕاگەیاندنی پارتی هەمان ئەو ڕۆڵەیە پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیدا دەیگێڕێت لە ڕێگای پەیڤ و وێنە و کەناڵەکانی خۆی؛ هەمان ئەو ڕۆڵەیە کە بارزانیی نەمر فێری کردووین کە کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و ئەم وڵاتە ببێتە خاوەنی ئاخ و ئاڵا و ئازادی.

هەر سەبارەت بە ڕۆڵی ڕاگەیاندنی پارتی، گوتی: بڕوامان بەوەیە مێدیا دەبێت کراوەتر مامەڵە لەگەڵ گروپ و جڤاک و تاکی هاووڵاتیان بکات، وەک چۆن بارزانی نەمر، فەرموویەتی ”شانازییە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت”، دەبێت مێدیا و مێدیاکارانی پارتی لەو حەقیقەتە بگەن پێویستە ڕەخنەکانی خەڵک وەربگرین و بەدڵێکی فراوانەوە خزمەتیان بکەین و لەدوای وەرگرتنی ڕەخنە و گرفتەکان، لە هەوڵی چارەکردنیاندا بین. دەبێت مێدیا ئەو دەرگا کراوە بێت هەم گلەیی و ڕەخنە وەربگرێت و هەم چارەیان بکات.

ستراتیژ و پلانی ڕاگەیاندنی پارتی لەدوای کۆنگرە
د.سالار عوسمان، سەبارەت بە ستراتیج و پلانی ڕاگەیاندنی پارتی لەدوای کۆنگرەی ١٤، گوتی: دوای تەواو بوونی کارەکانی کۆنگرە، ئێمە دەستمان بە دانانی بەرنامەیەک کردووە، سەرەتا دەمانەوێت کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو کەناڵ و ئۆرگان و بوارەکانی مێدیا و ڕۆشنبیری بکەین و ڕووبەڕوو هەموو کارمەندان ببینین. دوای ئەم دیدار و بینینانە، پلانێک دادەڕێژین؛ ئەم پلانە دەبێتە دیدگا و ڕوئیای پارتی بۆ مێدیا و ڕۆشنبیری و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی، دەست بە جێبەجێ کردنی دەکەین.
د.سالار عوسمان، باسی لەوەش کرد، میدیای پارتی پێویستی بە کۆمەڵێک نوێبوونەوە و مەشق و گۆڕان هەیە و گوتی: دەبێت ئێمە لە بەرامبەر ئەو هێڕشانەی لەلایەن دوژمنانەوە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، وەڵاممان هەبێت و تێیانبگەیەنین کوردستان گەورەترینە و نیشتیمان بەرزترینە، وەک چۆن پێشمەرگە بە خوێن بەرگری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم ئەزموونە دەکات، میدیاکارانیش بە هەمان شیوە بەرگری دەکەین. وەڵامدانەوەی ناحەزان لەپێناوی ئەوەدایە بڵێین کوردستان گرنگە، ئەگەر نا هەمووکات پارتی دەستی ئاشتی درێژ کردووە و مێدیاکەشی سەنگین و ئاشتیخواز بووە. بەڵام لە کوێ شەڕ بە پارتی و هەرێمی کوردستان بفرۆشرێت، ئێمە وەک پێشمەرگە بەرگری دەکەین و دەبین بە مێدیاکاری بەرگریکار لە هەرێمی کوردستان.

پێکەوژیان لە ڕاگەیاندنی پارتییەوە
سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی لە ڕاگەیاندنی پارتیدا، د.سالار عوسمان، گوتی: بەدرێژایی مێژووی ڕاگەیاندنی پارتی، تەنانەت لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان وکاتی ڕاپەڕینیشدا، بەردەوام زمانی نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان لە ڕاگەیاندنی پارتیدا هەبووە و بەرنامەی ئایینی بۆ ئایینە جیاوازەکان هەبووە. واتە چۆن پارتی لە ساڵی ١٩٤٦ەوە ناوی دیموکراتی هەڵگرتووە بە بەردەوامی بڕیاری داوە پێکەوەژیان بکاتە یەکیک لە بنەماکانی تێگەیشتنی سیاسیی خۆی، بەهەمان شێوە دەمانەوێت ئەو بوارە جێ بکەینەوە لە بەرنامەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانماندا، ئەم بوارە زۆر گرنگە و هەرێمی کوردستان بەشیوە جوانەکەی لەڕووی پێکەوەژیانی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی دەگەیەنێتە هەموو جیهان. دیسان دەبێت ئەوەش بڵێینەوە، هەموو ئەمانە پەیوەندیان بە ئیمکانیاتی ماددی و خۆپێگەیاندن و خوولی جیاوازی ڕۆشنبیریەوە هەیە.

تەلەڤزیۆنێکی پەروەردەیی دەکەوێتە کار
سەبارەت بە بایەخدان بە پەروەردەی منداڵان و نەوەی تازە، لە ڕاگەیاندنی پارتیەوە، د.سلار عوسمان و گوتی: تەلەڤزیۆنێکمان لەم ماوەیەدا دەکەوێتە کار کە تایبەتە بەم بوارە و هەر لەلایەن کوردستان تیڤی یەوە ئیدارە و سەرپەرشتی دەکریت؛ ئەم تەلەڤزیۆنە لەو بوارەدا ئەزموونی باشی هەیە و پێویستی بە پەرەسەندنی زیاترە. ئیمە لە بادینان و دهۆک وە لە نێو ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانێ گۆڤارێکمان هەیە تایبەت بەم بوارە و ئەویش دیرۆکێکی باشی هەیە و ئێستا گۆڤارەکە ڕێکترە و باشتر بڵاودەبێتەوە و بە نیازن زیاتر گەشەی پێبدەن، هەروا بە نیازین زیاتر بایەخ بە بواری پەروەردەیی و کۆکردنەوەی منداڵان لە دەوری کەناڵیکی ڕەسەنی پەروەردەیی کوردستانیانە بە تێگەیشتنی ڕەسەنی کوردی بۆ بەها گەورەکان بدەین.

ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم
بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی، سەبارەت بە کارەکانیان بۆ هاووڵاتیانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم، باسی لەوە کرد، پێشتریش ڕۆژنامە و ئۆرگانی تایبەتمان لەو ناوچانە هەبووە و ئێمە بۆ ئەم بوارە لە هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەرنامە و پلانی باشمان هەیە، ئێستا بە نیازین هەڵوەستەیەک بکەین لەسەر مەسەلەی شێخان و شنگال و ئێزدیەکان، پێمان وایە دەبێت بە باشترین شێوە خزمەتیان بکرێت و لەو بوارەشدا هەندێک بیرۆکە و دیدگای نوێ بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئامادە کراوە.