چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

میدیای کوردی بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ مەسەلەی زمان نەکردووە

ڕۆژی ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێک، ڕۆژی جيهانيی زمانی دایکە، ئەمساڵ لەو ڕۆژەدا مەسرور بارزانی، دوو بڕیاری لە بارەی بایەخدان بە زمانی کوردی دا. پسپۆران و شارەزایانی زمان ئەو دوو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەتیان بە دوو بڕیاریی مێژوویی لە قەڵەم دا، دەڵێن: ئەم دوو بڕیارە موژدە بەخشن بۆ ڕزگارکردنی زمان لە شێواندن و لەناوچوون و دەبێت ببینە خاوەنی فەرهەنگستانی زمانی خۆمان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا نووسیوویەتی: ڕۆژی زمانی دایک، لە گشت کوردستانییان و نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان پیرۆز دەکەم، پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایک، ئەرکی هەموومانە، با زمانی کوردی لە پێگەکان و سۆشیال میدیادا زیاتر بەکاربهێنین، لە خۆمەوە دەست پێدەکەم و لە ئەمڕۆوە زیاتر بە کوردی تویت دەکەم.
هەر لەڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، مەسرور بارزانی، دوو فەرمانی تایبەت بە بایەخدان بە زمانی دایک دەرکرد.
لە فەرمانییەکەمدا هاتووە، لە پێناو بایەخدان بە زمانی کوردی وەک زمانی دایک، بڕیارماندا بەڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەکردنی پڕۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بەمەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
لە فەرمانی دووەمدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گشت وەزارەتەکانی ڕاسپاردووە پاڵپشت بەیاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (٦)ی ٢٠١٤، لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکوومی و ناحکومییەکان، نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان، ڕێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت.
هەروەها لە بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە، لە ئۆتێل و شوێنە گەشتیاری و ڕێستورانتەکان، دەبێت بایەخ بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنماییەکان، بەزمانی کوردیش هەبێت.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، دەڵێت: ئێستە لە قوتابخانە ناحکومییەکان زیاتر گرنگی بە زمانی دایک دەدرێت، لە قوتابخانە حکومییەکانیش بەشە وانەی زمانی کوردی زیاد کراوە، بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن کتێبی کوردی پۆلی یەکەم دەگۆڕدرێ و لە نێو ئەو کتێبەد تازەیەشدا دوو کارەکتەر ڕۆڵیان دەبێت ئەوانیش (ڕاز و ڕەوان)، جگە لەوەش گۆڕان لە کتێبی کۆمەڵایەتیی پۆلەکانی ٤-٥-٦ کراوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن کاریان پێدەکرێت و بەسەر قوتابخانەکاندا دابەش دەکرێن.
پسپۆڕان و شارەزایانی زمان، سەبارەت بە بڕیارەکانی مەسرور بارزانی، بۆ زیاتر بایەخدان بە زمانی کوردی، دەڵێن: دەبێت لە میدیا و ناوەندەکانی خوێندنیش بایەخی زیاتر بە زمانی کوردی بدرێت.
سەرکەوت کەریم، مامۆستای زمانی کوردی، دەڵێت: دەرچوونی ئەو دوو بڕیارە لە لایەن سەرۆکی حکوومەتەوە، بە دوو بڕیاریی مێژوویی دادەنرێت لە مێژوویی زمانی کوردیدا، بۆیە زۆر سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەین بۆ دەرکردنی ئەو دوو بڕیارە گرنگە و دەبێت هەر چی زووە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو دوو بڕیارە بخەنە پلان و بەرنامەی کاری خۆیان، چونکە زمانی کوردی، تاکە ناسنامەیە کە ئێمەی ھێشتۆتەوە، ئێمەش وەکو مامۆستایانی کۆلێژی زمان، بە هەموو شێوەیەک ئامادەین، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە بە پڕاکتیک بکەین و پڕۆگرامێکی توکمە دابنێین بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکرێن.
هەوار ڕەشید، پسپۆری زمانی کوردی، دەڵێ: ئەرکی ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسان پاراستنی زمانە نەک شێواندنی، بەڵام وەکو دەبینین بەشێک لە کەنالەکانی ڕاگەیاندن، زمانی کوردییان شێواندووە، دەستەواژە بیانییەکان لە کاتی قسە کردن بەکاردەھێنن، دەبێت ئەوە قەدەغە بکرێت.
ئیسماعیل محەمەد، شارەزای زمان، ڕایگەیاند: تا ئێستە بیرمان لەوە نەکردووەتەوە سیستەمێکی یەکگرتوو بۆ زمانی کوردی دابنێین، دەبێت زمانێکی ستانداردی کوردیمان هەبێت، دەبێت لەسەر بڕیار و ڕێنمایەکانی سەرۆکی حکوومەت کار بۆ تێکەڵکردنی ئەو شێوەزارانە لەسەر بنەمایەکی زانستی بکرێت و زمانێکی سادە دروست بکرێت، بۆیە بوونی زمانێکی یەکگرتوو و ستاندارد بۆ قسەکردن و نووسین پێویستییەکی هەنووکەییە.
ئاشکراشی کرد: مادەم لە عێراق زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە، پێویستە لە قوتابخانەکانی عێراقیش زمانی کوردی بخوێندرێت، وەکو چۆن لە قوتابخانەکانی کوردستان زمانی عەرەبی دەخوێندرێت.
ڕێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵی ١٩٩٩ ڕۆژی ٢١ ی شوباتی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جيهاني زمانی دایک ناساند و ئەو ڕۆژەی وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانیانی بەنگلادیش بە ڕۆژی زمانی دایک دیاریکرا، ساڵی ١٩٥٢ ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی یەک زمانی ناڕەزاییان دەربڕی، ١١ کەس بەدەستی ھێزە ئەمنییەکانی پاکستان کوژران، ساڵی ١٩٥٦ دەوڵەت بەناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.
لە جیهاندا ٦ هەزار زمان هەن، بەڵام زۆربەیان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە و زۆرترین خەڵک قسە بە ١٠٠ زمان دەکەن، زمانی کوردیش لە پلەی ٥٩ـیەمین زمانی جیهاندایە.