فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاری، یەکەمین سیستەمی دیجیتاڵی کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان لە ناوچەکە ڕادەگەینێت

فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین سیستەمی دیجیتاڵی کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان ڕادەگەینێت. ئەم سیستەمە ڕێگەچارەیەکی تازەگەرانەیە بۆ ڕێکخستنی هاتنەژوور و چوونەدەری گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان. سیستەمەکە پێکهاتووە لە چەندین سیستەم و ئامرازی دیکە کە بەیەکەوە بەستراونەتەوە بۆ بەناوەندکردن و ئاسانکردنی پڕۆسەکە، هەروەها بەردەستکردنی ڕێگەچارەیەکی کرداری بۆ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەشتیاران لە هەموو جیهان.

بەشانازییەوە سیستەمەکە بەتەواوی لەلایەن فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیارییەوە دروست کراوە بەجۆرێک کەوا کۆمەڵێک تایبەتمەندی پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێت کە بەیەکەوە کار دەکەن و تەواوکەری یەکترن. سیستەمی دیجیتاڵی کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان لەم چەند سیستەمە پێکهاتووە:
١- پۆرتاڵی پێشکەشکردنی ڤیزەی ئەلیکترۆنی: دەروازەی سەرەکییە بۆ گەشتیاران بۆ ئەوەی بتوانن لەڕێگەی ئۆنلاینەوە داواکاری پێشکەش بکەن و ڤیزەی ئەلیکترۆنی بەدەست بهێنن. شێوازی دیجیتاڵی بەدەستهێنانی ڤیزە ئەزموونێکی بێ کێشە فەراهەم دەکات بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت سەردانی کوردستان بکەن.
٢- سیستەمی بەڕێوەبردنی هاتن و چوون لە خاڵە سنوورییەکان: سیستەمێکی کۆنترۆڵکردنی نوێیە کە لە هەموو خاڵە سنوورییەکان جێگیر دەکرێت، وەک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، بۆ تۆمارکردن و کۆنترۆڵکردنی داتا و زانیاریی پەیوەست بە گەشتکردن و گەشتیاران بەدروستی. ئەم سیستەمە داتا و زانیاریی گشت سیستەمەکانی دیکە و خاڵە سنووریەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە دەبێتە مایەی دابینکردنی ئامراز و زانیاریی گرنگ بۆ کارمەندان.
٣- تۆماری نیشتمانیی ڕاگیراوان: داتا و زانیاریی ئەو کەسانە لەخۆ دەگرێت کەوا بەپێی یاسا و ڕێساکان قەدەغەی هاتن و دەرچوونیان لە هەرێمی کوردستان لەسەرە؛ ئەم سیستەمە کە بە چەند لایەنێک پەیوەندیدارە، گشت داتا و زانیارییەکانی سنووردارکردن و ڕێکخستنی گەشتکردن بۆ کوردستان لەڕێگەی یەک تۆمار و بنکەدراوە یەک دەخات. ئەمەش زانیاریی ورد و زۆر خێرا بۆ هەموو سیستەمەکانی خاڵە سنوورییەکان دابین دەکات.
٤- سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاریی دەستەبەر: دەروازەیەکی دیجیتاڵییە بۆ ئەو دەستەبەرانەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە ڕێگەپێدراون بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزە لەبری هاووڵاتییانی هەندێک وڵاتی دیاریکراو. ئەم سیستەمە ئەزموونێکی تەواو دیجیتاڵی بەو لایەنانە دەبەخشێت کەوا کار لەسەر پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ ڤیزەی کوردستان دەکەن.
٥- سیستەمی بەڕێوەبردن و پێدانی ڤیزە: سیستەمێکی دیجیتاڵییە کە بەتایبەتی بۆ فەرمانگەی ڤیزەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کراو، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی و کۆنترۆڵی تەواویان هەبێت سەبارەت بە هەر شتێک پەیوەست بێت بە ڤیزە.
سیستەمی دیجیتاڵی کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان بەشێکە لە پڕۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی کە جێگرەوەی کاری کاغەزیی پێشووترە و پەرە بە ئاسایش و پاراستنی نهێنیی داتاکان دەدات. هەروەها، بەرچاوڕوونی و کۆنترۆڵی باشتر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت.