پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مووسا ئەحمەد: باسی هاوکارییەکانی باکوور و رۆژئاوا دەکات

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایدەگەیەنێت، هاوکارییەکانیان بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن و لە باکووری کوردستانیش کەمپێکیان دروست کردووە و تەواو بووە، کە ئەم هەفتەیە خەڵک تێیدا نیشتەجێ دەکرێت و هەموو پێداویستییەکیشیان بۆ دابین دەکرێت. دەشڵێ، لە رۆژئاوای کوردستانیش ئۆفیسمان هەیە و بەردەوام هاوکارییان دەکەین.

مووسا ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “رۆژانە هاوکارییەکانمان بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان ڕەوانە دەکرێن و لەوێ بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێن، بۆیە بەردەوامین لە دیاربەکر و عەفرین و ئادیەمان و مەرەش و، کارەکانی عەفرین و ئادیەمانیشمان جیاوازی هەیە، هەروەها لە مەرەش و ئادیەمان خواردنی گەرمیان بۆ ئامادە دەکرێت و سەبەتەی خۆراکیان پێ دەدەین لە گوندەکان و چادریشیان بۆ دابین دەکەین، لە ئادیەمانیش کەمپێک دروست دەکەین و ئەم هەفتەیە خەڵکی تێدا نیشتەجێ دەکرێت، کە هەموو پێداویستییەکی تێدایە لە خۆراک تا پێداویستیی پزیشکی”.

ئەحمەد گوتیشی: “بۆ عەفرینیش بەردەوامین و دوێنێ 510 خێزان خواردن و بەتانی و چادر و پێداویستیی دیکەیان بۆ دابین کراوە و رۆژانەش ئەو پرۆسەیە بەردەوامیی هەیە”.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، هۆکاری کەمتر چوونی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان ئەوەیە، کە ترانزێتە و وەکو ئەوە وایە بچیە دوو وڵات تا هاوکارییەکان دەگەنە ئەوێ، بەڵام زیانی باکوور زۆر لەوەی رۆژئاوای کوردستان زیاترە، چونکە دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان نابنە 500 بۆ 600 هەزار کەس لە ناوچەی عەفرین و دەوروبەری، بەڵام ئەوەی باکووری کوردستان 13ملیۆن و 500 هەزار کەس دەبن کە زیانیان بەرکەوتووە و سنوورەکەیان زۆر فراوانترە.

ئاماژەشی دا: “ئێستا وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رۆژئاوای کوردستان لە عەفرین ئۆفیسمان هەیە و کاری خۆمان دەکەین و هاوکاری پێشکەشی خەڵک دەکەین”.