سیستەمی ڤیزای ئەلیكترۆنی ئاسانكاریی لە هاتنی سەرمایەداری بیانی بۆ هەرێمی كوردستان دەكات

هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی حکومەت و کەمکردنەوەی ڕۆتین بەردەوامن و لەم چوارچێوەیەشدا پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنی، یەکێکی دیکەیە لە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە سەردانیکەران دەتوانن لە ڕێگەی ئەو پۆرتاڵەوە بەشێوەی ئۆنلاین ڤیزا دەستەبەر بکەن.
ئەم پۆرتاڵە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خاوەندارێتی دەکرێت و لەلایەن فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستانەوە په‌ره‌ی پێدراوه‌.
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، بە پێگەی فەرمی حكومەتی راگەیاند: “ئامانجی سەرەكی لە دانانی ئەم سیستەمە، ئاسانكاری كردنە بۆ هاتنی سەرمایە و سەرمایەداری بیانی بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە یەكێك لە پێناسەكان بۆ ئەوەی وڵاتێك تا چ ئاستێك ئامادەیە، كە وەبەرهێنەر سەرمایەی خۆی تیایدا بخاتە گەڕ، ئەوەیە تۆ تاچەند ئاسانكاری بۆ دەكەیت تا بتوانێت بێتە ژوورەوە، هەر بۆیە لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سیستەمی ڤیزای ئەلیكترۆنی بۆ ئەوەی گەشتیاران و وەبەرهێنەران و ئەوانەی بەپێی یاسا بۆیان هەیە بەبێ ڤیزای پێشوەختە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، لە ڕیگەی سیستەمێكی ئەلیكترۆنییەوە، كە ئەم سیستەمە لەسەر پۆرتاڵی حكومەتی هەریمی كوردستان (GOV.KRD) بەردەست دەبێت، خۆیان بتوانن بەماوەی كەمتر لە چەند خولەكێك ئەو ڤیزایە وەربگرن و هەرلەوكاتەدا ئەو بڕە پارەیەش دەدات کە لەسەریەتی، كە بەم سیستەمە و بەماوەیەكی زۆر كەم ڤیزایەكەی بە ڕیگای ئیمەیڵ لەسەر شاشە بۆی دەگەڕێتەوە”.

پۆرتاڵەکە تایبەتە بەو كه‌سانه‌ی کە دەیانەوێت بۆ گه‌شتوگوزار، كارکردن یان وه‌به‌رهێنان لە سەرتاسەری جیهانەوە داواکاری بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان پێشکەش دەكەن، ئەمەش پرۆسەی داواکاریی وەرگرتنی ڤیزا، ئاسانتر و خێراتر دەکات.
د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لەبارەی گرنگی و تایبەتمەندی سیستەمەكەوە بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:”ئەم سیستەمە كۆمەڵیك تایبەتمەندی هەیە، لەوانە بۆ یەكەم جارە كارمەندانی تەكنیكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیارین، دەتوانن پرۆژەیەكی وا گرنگ بەتوانای ناوخۆیی بخەنە سەرپێ، هەموو ئەو سیستەمە بە توانای ناوخۆیی درووستكراوە و خراوەتە خزمەت وەزارەتی ناوخۆ، ئەو تیمانەی وەزارەتیش راهێنانی پێویستیان وەرگرتووە، بۆیە لەمەولا ئەو میوانە بەڕێزانەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، كەسایەتی یان كۆمپانیا و شاند بن، دەتوانن لە ڕیگەی ئەم سیستەمە و لە پۆرتاڵی حكومەتەوە، داواكاری خۆیان پێشكەش بكەن، بۆ وەرگرتنی ڤیزا”.

لەبارەی كاری ئەم سیستەمەوە بۆ كارئاسانی گەشتیاران و كەسانی بیانی بۆ ناو سنوری هەرێمی كوردستان، ئیحسان جەعفەر، بەڕێوەبەری ڤیزا لە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند:”پێشتر کەسانی بیانی کە لە وڵاتی خۆیان و لە شوێنی خۆیانەوە داوای ڤیزایان دەکرد، دەبووایە لێرە کەسێک داواکاریی وەرگرتنی ڤیزای بۆ پێشکەش بکردنایە، كە بە زۆر هەنگاوی ورد دا تێدەپەڕی، ئێستا ئەو هەنگاوانە نەماون و تەنیا بە یەک هەنگاو دەتوانین ڤیزا بەو کەسانە بدەین، کە دەیانەوێت سەردانی کوردستان بکەن”.

ئاسانكاری و سەردەمیانە كردنی سه‌ردان بۆ هه‌رێمی كوردستان، هەنگاوێكە سوود به‌ كه‌رتی گه‌شتوگوزاریی و وه‌به‌رهێنان ده‌گه‌یه‌نێت و هەروەها سوود له‌ داتاكانی ئه‌م پۆڕتاڵەش‌ وه‌رده‌گیرێت، بەو هۆیەوە سیسته‌می هاتنه‌ژووره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان مۆدێرنتر دەکرێت. هەروەها لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە به‌شێوازێكی سەردەمیانە و پێشكەوتوو و پارێزراو، هاووڵاتییانی بیانی له‌ شوێنی خۆیانه‌وه‌ ده‌توانن داواكاریی ڤیزا بۆ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش بكه‌ن، هه‌ر به‌ ئه‌لیكترۆنی تێچووه‌كه‌ی بده‌ن و دوای په‌سه‌ندبوونی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٥ـی شوباتی