پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێترین وێستگەی هایدرۆپاوەرە لە هەرێمی کوردستان، کە کارەبا لە ئاو بەرهەمدەهێنێت.
وێستگەکە، دەکەوێتە ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی و لەسەر زێی گەورە دروستدەکرێت، ڕێژەی ٩٥٪ـی کارەکانی دروستکردنی تەواو بووە و گوژمەکەی ١٥١ ملیۆن دۆلارە، ئەمە جگە لەوەی کە ٥٠ هەلی کاری بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە.
سەگڤان شەوکەت، ئەندازیاری میکانیکی لە پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، سەبارەت بە توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: “وێستگەکە لە دوو تۆربایین پێکهاتووە و توانای بەرهەمهێنانی ٣٧.٢ مێگاوات کارەبای هەیە”.
لەبارەی بەرهەمی ئێستای وێستگەکەوە، حەسەن یوسف، بەڕێوەبەری پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند: “لەئێستادا وێستگەکە کەوتووەتە کار و بەرهەمی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی زێی گەورە، بەرهەمی ڕۆژانەی تەنیا ٧ مێگاوات کارەبایە”.
وێستگەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، جگە لەوەی کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، لەهەمانکاتدا بە دۆستی ژینگە دادەنرێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پیسبوونی ژینگە نییە، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆکارێکیش بۆ باشتربوونی دۆخی کارەبا و کێشەی ڤۆڵتییەی ناوچەکەش، چارەسەر دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٣