بافڵ تاڵەبانی پرێس كۆنفرانسەكەی نەكرد

لە كاتێكدا بڕیار بوو كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی 2ی 2023، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پرێس كۆنفرانسێك ئەنجام بدا، بە هۆكارێكی نادیار، پرێس كۆنفرانسەكە نەكرا.

بەپێی زانیارییەكان سكرتارییەتی بافڵ تاڵەبانی ژمارەیەكی زۆری رۆژنامەنووسی لە سلێمانی بانگهێشت كردبوو بە مەبەستی ئامادەبوون لە پرێس كۆنفرانسەكەی بافڵ تاڵەبانی كە بڕیار بوو بۆ وەڵامدانەوەی دوایین بڕیاری لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی بیكات، بەڵام دواتر بە ڕۆژنامەنووسەكانیان گوتووە، پرێس كۆنفرانسەكە ناكرێت و دەتوانن بڕۆنەوە.

لە ڕێی سەرچاوەكانیەوە هەوڵی دەستكەوتنی زانیاریی دا لەبارەی هۆكاری ئەنجام نەدانی پرێس كۆنفرانسەكە، بەڵام هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون. بۆیە نازاندرێت ئاخۆ بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دەستپێكردنەوەی چالاكییەكانی لاهوور شێخ جەنگی چ هەڵوێستێكی دەبێت؟

دوێنێ چوارشەممە لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، لە ئێستاوە وەك هاوسەرۆكی یەكێتی، لە چوارچێوەی یاساكانی هەرێمی كوردستان و پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەی، دەست بە چالاكییەكانی دەكات. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەگەر هەڤاڵەكانی لەنێو یەكێتییدا وەك هاوسەرۆك قەبووڵی نەكەن، ئەوا بە جیا و لەژێر ناوی یەكێتیدا لەسەر كاركردن بەردەوام دەبێت.