ئەمڕۆ چوارشەممە 22/2/2023، وەزارەتی دارایى و ئابووریی حكوومهتى ههرێمى كوردستان، ڕوونکردنەوەیەکى لهبارهى مووچەی خانەنشینانى هەولێر بڵاو كردووهتهوه، كه تێیدا مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمى كوردستان ڕایگەیاندووه: “ساڵانە بەڕێوهبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمى كوردستان ئامارێک بۆ سەرجەم بانکە بازرگانییەکان بڵاو دەکاتەوە، کە فۆرمێکی تایبەتە بە ئامادەبوونی خانەنشینان بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان لە مانگی یەکی هەموو ساڵێک.”
ئهوهش خراوهته ڕوو، ئهمڕۆ چوارشهممه لە سەرجەم ئەو بانکە بازرگانییانەی مووچەی خانەنشینی شارستانی دابەش دەکەن، لیژنەیەک لە لایەن بەڕێوهبەرایەتیی گشتیی خانەنشینەوە دانرا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوهبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان، کە پێکهاتبوون لە سێ فەرمانبەر لە هەر بانکێک، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی مووچەخۆرانی خانەنشینەوە، بە شێوەیەکی کاتی قەرەباڵغی لە دابەشکردنی مووچە لە چەند بانکێکی شاری هەولێر دروست بوو، دوای ئەوەی لە لایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشین و بەڕێوهبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانەوە ژمارەی لیژنەکان زیاد کران، کێشەکە چارەسەر کرا