ڕێزان حەمەساڵح قادر، بەرپرسى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئیتالیا، لەم گفتوگۆیە باس لە سەفەرەکەى سەرۆکوەزیرانى ئیتالیا بۆ هەرێم و پەیوەندییە دیپلۆماسى و بازرگانى و پیشەسازییەکان دەکات لەگەڵ هۆکارى ئەو نزیکییەى کە لە نێوان کوردستان و ئیتالیا هەیە.
- ئەم هەموو نزیکییەى نێوان ئیتالیا و هەرێمى کوردستان چییە؟
- لە ڕووی میژووییەوە وڵاتی ئیتالیا زۆر نزیكە لە كوردەوە، بۆیە ئەوەی هەیە لە سەرەتاوە مێژووییەكی پیشتری هەبووە دۆستایەتییەكە ئەوەش لە ڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە توندتۆڵتر كرا. ئیتالیا بەشدار بووە لە دروستكردنی “نۆفڵای زۆن ـ ناوچەی دژە فڕین” بۆ كورد لە كاتی شەڕی سەدام و یەكێك بووە لەو دەوڵەتانەی كە پێداگربووە لەسەر ئەوە، لە هەموو قۆناغەكان و ناخۆشییەكانی میللەتی كورد پێگەی خۆی هەبووە و بە هیچ شێوەیەك خراپەی بۆ گەلی كورد نەبووە، بەڵكو پشتگیری هەموو دۆزەكانی كوردی كردووە. هەروەك باسمان كرد دوای دروستبوونی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئیتالیا، لە یەك نزیك بوونەوەى زیاتر ڕووى دا و هەروەك دەزانرێت ئیتالیا میللەتێكی بە سۆزیشی هەیە.
- سەردانى سەرۆکوەزیرانى ئیتالیا بۆ هەرێمى کوردستان چ بەها و گرنگییەکى سیاسى و دیپلۆماسى هەبوو؟
- بێگومان سەردانی سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو، هەروەك چۆن سەرۆكوەزیرانى ئەوکات لە ساڵی ٢٠١٤ و لە كاتی شەڕی داعش سەردانی كوردستانی كرد ئەو كاتە ئیتالیا بەڕێوەبردنی هەموو وڵاتانی ئەوروپا لە دەست بوو و بە نوێنەرایەتی هەموو وڵاتانی ئەوروپاش بە پێویستیان زانی سەردانی كوردستان بكەن، بۆیە وەزیرەكان دەرەوە و بازرگانی و بەرگری هاتنە كوردستان. وەك دەزانرێتیش ئیتالیا دووەمین هێزی هاوپەیمانییە دوای ئەمریكییەكان لە كوردستان، بۆیە سەران و نوخبەكانی ئیتالیا بەردەوام سەردانی هەرێمیان كردووە و بە پێچەوانەشەوە گەورەكانی ئێمەش سەردانی ئیتالیایان كردووە و هەموو كات هەوڵ دراوە پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەردوو لا هەبێت لەگەڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و زانیاری و دۆستایەتی و سیاسەتێكی زۆر بە هێز هەیە لەگەڵ ئێمە. پێش شەری داعش ئیتالیا ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبووە لەگەڵ ئێمە و یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ڕووی بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵیەوە و یەكێكە لە حەوت دەوڵەتە پێشكەوتووەكانی دونیا و سێیەمینە لە نێو وڵاتە ئەوروپییەکان.
- ڕۆڵى ڤاتیکان لەم گەرموگوڕییە سیاسی و بازرگانییەى نێوان ئیتالیا و هەرێمى کوردستان چییە؟
- لە ئیتالیا، سێ دەوڵەت لە نێو دەوڵەتدا بوونی هەیە، یەكێكیان ئیتالیا خۆیەتی و دووەمیان سان-مارینۆیە و ئەوەی تریش ڤاتیكانە. ڤاتیکان هەروەك دەزانرێت گەورەترین و بەهێزترین دەوڵەتە و كۆمارێكی سەربەخۆی هەیە. کە دەڵێی ڤاتیكان بەهێزترین دەوڵەتە، چونکە هەرچی مەسیحی هەیە گوێ لەو دەگرن و ئیتالیاش خۆى هێزی سەربازیی گەورەی جیهانییە. بۆیە بۆ كورد گرنگە كە دەوڵەتێكی وەها ڕازی بێت بە بوونى نوێنەری. ئەمەش پەیوەستە بە باکگراوەندى کوردەوە کە ڕۆڵێکی جوانی هەبووە لەگەڵ برا كریستیانەكان و زۆر یارمەتی دەربووە و ئەوەش بەڵگەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەیە لە نێوانمان، ئەو چوارچیوەی كوردستانمان وەكو نموونە دەهێندرێتەوە، چونكە لە فەرهەنگی ئێمەیە و هەر ئەوەش پێگەی گەورەی بە كورد داوە لە لایەن ڤاتیكان، بۆیە ڤاتیكان بە بەردەوامی باسی كورد دەکات و جێدەستی كورد بە نموونەیەكی زۆر گەورە دەنرخێنن.
- ڕۆڵى نوێنەرایەتى و پەیوەندییەکان چ دەبێت لە بەفراوانترکردنى پەیوەندییە سیاسى و بازرگانییەکان لەگەڵ ئیتالیا و بەتایبەت لە پڕۆسەى هەناردەکردنى بەرهەمى کوردستان؟
- ئێمە وەكو نوێنەرایەتی، پلانێكی توكمەمان هەیە بۆ هێنانى کۆمپانیاى ئیتالیا بۆ هەرێم، ساڵانی پیشتریش هەمان کارمان کردووە، بەڵام بە هۆی شەڕی داعش و كێشەی ئابووری زۆربەی كارەكان ڕاگیران، بەڵام ئێستا چەندین پڕۆتۆكۆلی لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ هەرێمەكان واژوو کردووە ئەویش لەسەر بنەماى یادداشتێكە بە مەبەستی لێكتێگەیشتن و هاوكاریکردن. یەكێكی تر گرووپی دۆستایەتیی ئیتالیا و كوردستانە کە دروست دەكرێتەوە، چونكە لێرە، لە ئیتالیا هەر حزبێك بێتە سەر کار، سیاسەتی تایبەت بەخۆی هەیە. ئێستا حزبی دەسەڵاتدار پەیوەندییەکی گەرمی لەگەڵ كورد هەیە و زۆر باشە، بۆیە هەوڵی دروستكردنەوەى پەیوەندییەکانى جاران دراوە، لە لایەكی تر چەند كارێكی تایبەتیمان هەیە لەگەڵ زانكۆكان و هەروەها لە بواری تەكنەلۆژیا وەك دیارە ئیتالیا زۆر بەهێزە، بە پێی توانای خۆیان هاوكارمان دەبەن بۆئەوەی سوودی لێ ببینین و بەكاری بێنینەوە لە كوردستان.