دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، پێشوازی لە کونسووڵی گشتی نوێی بەریتانیا (ڕۆز کەێڤ) و شاندی یاوەری کرد.
لە دانشتنێکدا وێڕای بە خێرھێنانی شاندی میوان، فازل میرانی، پیرۆزبایی لە کونسووڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان ڕۆز کەێڤ کرد بە بۆنەی دەست بەکاربوونی وەک کونسووڵی گشتی بەریتانیا و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بەو ئومێدەی کە بتوانێ رۆڵی خۆی لە بەھێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا ببینێت و ئامادەیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەربڕی بۆ ھەر جۆرە ھاوکارییەک.
ھەروەھا بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی، سوپاسی دەێڤید ھنت کونسووڵی پێشووی بەریتانیای کرد بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی کارەکانی.
دواتر دوایین پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوویی بەریتانیا تەوەرێکی تری دیدارەکە بوون.
لە لای خۆیەوە ڕۆز کەێڤ، سوپاسی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ئەم پێشوازیە گەرمەی کە لێی کراوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ کارکردنی لە ھەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە ئارامی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان و عێراق بە لای ئەوانەوە گرنگە.
راگەیاندنی م.س