ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا به‌ “سه‌ركه‌وتوو” ناو‌ده‌بات

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا به‌ “سه‌ركه‌وتوو” ناوده‌بات و ده‌ڵێت، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا خزمه‌ت به‌ “به‌رژوه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كانی عێراق” ده‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (21ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، ئه‌لینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له‌ تویتێكدا پێشوازی له‌ سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پرسی بودجه‌ و سووته‌مه‌نی ده‌كات و سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ “سه‌ركه‌وتوو” ناوبردووه‌.

به‌گوته‌ی رۆمانۆوسكی، چاره‌سه‌كردنی “كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان”ـی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق خزمه‌ت به‌ “به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كانی عێراق” ده‌گه‌یه‌نێت و، كار ده‌كات بۆ “سه‌ربه‌خۆكردنی كه‌رتی وزه‌” و پاراستنی سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌.