خانەنشینان سەبارەت بە پێدانی مووچەكانیان ئاگادار دەكرێنەوە

بەرپرسێكی خانەنشینان ئاشكرای كرد، لە كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكدا، دەبێت خودی خانەنشین ئامادە بێ و ئەو فۆڕمەی پێی دراوە بیگەڕێنێتەوە، ئەوكاتە مووچەی پێ دەدرێت.

لەشكری ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئەو فۆڕمەی لەگەڵ مووچەی مانگی 12 بەسەر خانەنشینان دابەش كرا، دەبێت سەرجەم خانەنشینان بە شارستانی و سەربازییەوە، لەگەڵ وەرگرتنی مووچەی مانگی 1ی ساڵی 2023، بیگەڕێننەوە بۆ بانكەكان.”

ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر فۆڕمەكە و زانیارییەكانی نەگەڕێندرێنەوە، ئەوا مووچە بە خانەنشینەكە نادرێت، گوتیشی: “ئەوەی كە خۆی خانەنشینە و مووچەكە وەردەگرێت، كێشەی نابێت لە پێدانی مووچەكەی، ئەگەر فۆڕمەكەیشی تەواو نەكردبێت، بەڵام ئەوانەی لەدەرەوەی وڵاتن و بریكارنامەیان هەیە، یان میراتگری خانەنشینن، دەبێت فۆڕمەكە بگەڕێننەوە و خۆیان ئامادە بن، ئەگەرنا مووچەی مانگی یەكیان پێ نادرێت.”

چوارشەممە و پێنجشەممەی داهاتوو، مووچەی خانەنشینانی شارستانی دەدرێت و رۆژی 28ی مانگیش مووچەی خانەنشینانی سەربازی دەدرێت.

لەشكری ئیبراهیم جەختی كردەوە، ئەوەی مووچەی خانەنشینی هەبێت، دەبێت لە كاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی یەكی هەموو ساڵێكدا خۆی ئامادە بێت.

پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین فۆڕمێكی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشین ناردبوو، ئەوانیش لە مووچەی مانگی رابردوودا دابەشی سەر خانەنشینانیان كردبوو.

ئەوەش خراوەتە ڕوو: “لە کاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی 1ی 2023 دەبێ خانەنشین خۆی ئامادە بێت و هیچ بیانوویەک بۆ ئامادەنەبوونی قبووڵ ناکرێ و هیچ وەکالەت و بریکارییەکیش قبووڵ ناکرێ.”

ئەو خانەنشینانەی لەدەرەوەی وڵاتن و بریكارنامەیان بۆ كەسی دووەم كردووەتەوە، پێویستە لە رێگەی باڵوێزخانەی عێراق، یان لە رێگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بریكارنامەی فەرمی بنێرن، بەو مەرجەی، لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەسند بكرێت.

زۆر جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، مووچە بە هیچ خانەنشینێک نادرێت تا نەبیندرێت.
ئەو بەرپرسەی خانەنشینی جەختیشی كردەوە: “دەبێت زانیارییەكانیش تەواو و دروست بن و ئەو فۆڕمەش بدرێتەوە بەو بانكەی، كە خانەنشین مووچەكەی لێ وەردەگرێت و كۆپیی ناسنامەی خانەنشین و كارتی زانیاری و كارتی نیشتمانییش لەگەڵ فۆڕمەكەدا بێت.”

لە هەرێمی كورستان، زیاتر لە 250 هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی مووچە وەردەگرن و ئەو فۆڕمە هەموو ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە.