دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان: بەپێی ئامادەکارییەکان ڕەنگە کۆتایی ساڵی داهاتوو سەرژمێریی گشتی بکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان لەم چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند: دەبێت ١٠ ساڵ جارێک سەرژمێری بکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە دوایین سەرژمێریی کە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کرابێت، ساڵی ١٩٨٧ بووە.

بڕیار بوو ھەر ١٠ ساڵ جارێک سەرژمێریی لە عێراق بکرێت، بەڵام زیاتر لە ٣٠ ساڵە پرۆسەکە لە عێراق نەکراوە، دواینجار کە لە عێراق سەرژمێریی کرابێت، لە ساڵی ١٩٩٧ بوو ١٩ ملیۆن کەس بەبێ ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون، لە ساڵانی ٢٠٠٧و ٢٠١٠ ھەوڵی سەرژمێریی لە عێراق درا، بەڵام پرۆسەکە سەرنەکەوت. لەو ساڵانەی کە سەرژمێریی کراوە: ١٩٢٧، ١٩٣٤، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، کۆتاجار لە ساڵی ١٩٩٧ بوو بەبێ ھەرێمی کوردستان، سەرژمێریی کرا.
سەرژمێریی لە عێراق کۆتایی بەو کێشمەکێشمە و ناکۆکییە سیاسییانە دەھێنێت کە ساڵانە، یەخەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی عێراق دەگرێت. پەرلەمانتارانی کوردیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن: کردنی پرۆسەکە لە ھەرێمی کوردستان پشکی ھەرێم لە بوودجەی گشتی عێراق زیاد دەکات و دەگەیەنێتە ٢٠٪.

*ئەمساڵ سەرژمێریی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت؟

  • لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای ناوەندیی ئامار، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دەبێت ئامادەکاریی بکرێت، بۆ ئەوەی ئەمساڵ سەرژمێریی بکرێت، وەکو سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، ئاگاداری سەرۆکی دەزگای ناوەندی ئاماریی عێراقم کردەوە کە زۆر زەحمەتە ئەمساڵ پڕۆسەکە بکرێت، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ھێشتا بوودجەی عێراق پەسەند نەکراوە، دەستەڵاتەکانی خەرجکردنی بوودجەی تەرخان کراو بۆ سەرژمێریی دیاری نەکراون، دواتر ئامادەکارییەکانی ژێرخانی جێبەجێ کردنی سەرژمێریی ئەلیکترۆنی ھێشتا زۆر لەدواوەیە، ئیتر ئەم ھۆکارانە وا دەکەن کە بیر لەوە بکەینەوە پەلە بکرێت، بەڵام پرۆسەکە ڕەنگە بکەوێتە کۆتایی ساڵی داھاتوو، بەڵام بە مەرجێک ئەگەر کێشەکان چارە کران.

*چەند ساڵە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق سەرژمێریی نەکراوە؟

  • دەبێت ١٠ ساڵ جارێک سەرژمێری بکرێت، دوایین سەرژمێری کە لە عێراق کرا بێت، لە ساڵی ١٩٨٧ بوو، ئەو کات لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کرا، ڕاستە ساڵی ١٩٩٧ سەرژمێریی لە عێراق کرا، بەڵام تەنھا لە ١٥ پارێزگا بوو، لە ھەرێمی کوردستان نەکرا.

*بۆ ئەوەی سەرژمێریی بکرێت پێویستە چ بکرێت؟

  • پرۆسەکە پێویستی بە زۆر شتە، یاساکە ئەوەی کە ھەیە لە عێراق ھی ساڵی ٢٠٠٨ـە، ڕەنگە پێویست بکات ھەموار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستە. ئەوەی دیکە بابەتی سەرژمێریی ئەلیکترۆنی پێویستی بە ژێرخانی تەکنەلۆجیای زانیاریی ھەیە، شارەزای تەکنیکی، ئەمانە ھەموو پێویستن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بکرێت، ئینجا لەڕووی لۆجستیکەوە پێویستی بە ئامادەکارییەکی زۆر ھەیە، چونکە پرۆسەیەکی گەورەیە.

*پرۆسەکە پێویستی بە چەند بودجە ھەیە؟

  • نازانین دەستەی ئامار چەند بودجەی پێویستە، ئەوە وەزارەتی پلاندانانی عێراق خەملاندنی بۆ دەکات، بەڵام ئەوەی من ئاگاداربم داوای ٢٧٠ ملیار دینار کراوە.

*لە ھەرێمی کوردستان ھیچ ئامادەکارییەک کراوە؟

  • سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان تا ئێستە وەکو پێویست ئامادەکاریی نەکراوە، ئەو بودجەی پێویستە نازانین چەندە، چونکە تا ئێستە بەدەستمان نەگەیشتووە، ساڵی پار تەنھا ١٠٠ ملیۆن دینارمان بە دەست گەیشتبوو، ئەو بڕەش زۆر کەم بوو،. تەنھا ھەندێک ئامادەکاری سەرەتایی کراوە، ئێستەش ئەگەر ئامادەکاری بکرێت دەبێت بودجەی پێویست بدرێتە ھەرێمی کوردستان، ئەویش دەبێت پێشوەختە پێمان بگات بۆ ئەوەی پلانەکە ئامادە بکەین، خشتەی پڕۆسەکە دیاری بکرێت، لایەنی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بە ڕاوێژکاری بۆ سەرژمێریی دیاری بکرێت، ئەوانە ھەموو کارن بۆ ئەوەی ئامادەکاری پێشوەختە بۆ پرۆسەکە بکرێت.

*گرنگی پرۆسەکە چییە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق؟

  • زۆر گرنگە سەرژمێریی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت، چونکە لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێرییە دەتوانین ستراتیجد و کارەکانی گەشەپێدان لە ھەموو بوارەکاندا دیاری بکەین. بۆ نموونە، زانینی ژمارەی دانیشتوان، پێکھاتەی دانیشتوان لەڕوویی گروپەکانی تەمەنەوە، ھەروەھا ھەر گۆڕانێکی دیموگرافی کە کراوە، لەگەڵ ئەوەی ڕێگەخۆشکەرە بۆ زانینی بارودۆخی ئابووری، لەسەر بچووکترین یەکەی کارگێڕی لەم وڵاتەدا، ئەوەش تەنھا لە ڕێگەی سەرژمێرییەوە دەکرێت، ھەروەھا لە ڕێگەی سەرژمێریی تۆ دەتوانی پلانی ورد دابنێی بۆ گەشەپێدانی وڵات لە ھەموو ڕوویێکەوە. ئێستە پشتمان بەستووە بە ڕووپێوی تا داتاکانمان دەست دەکەوێت، ئەگەر سەرژمێریی بکرێت لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەگەینە دوورترین و بچووکترین یەکەی کارگێڕی و نەخشەیەکی وردمان دەبێت لەسەر بارودۆخی دانیشتوان و ژێرخانەکەی.

*بەپێی دوایین ئامار ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان و عێراق چەند کەس دەبن؟
-بەپێی ئاماری خەملێنراو، عێراق ڕایگەیاندووە دەوروبەری ٤٢ ملیۆن کەسە، بەپێی دوایین ڕووپێو کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ھەرێمی کوردستان کراوە ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم شەش ملیۆن و سەد و حەفتا و یەک ھەزار کەس دەبن.