سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وه‌زیری رۆشنبیری په‌یامێك بۆ میدیاكانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بڵاو ده‌كاته‌وه‌

وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی سه‌باره‌ت به‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی رۆژی شه‌مووی ڕابردووی رۆژنامه‌ی سه‌باحی عێراقی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ڕایگه‌یاند كه‌ ئیدانەی هەرجۆرە گوتارێكی نەیار بە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و كیان و قەوارە دەستوورییەكەی هەرێمی كوردستان ده‌كه‌ین، داواشی له‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی ناوخۆ كرد پەنا نەبەنە بەر وەرگێڕانی گوتاری ناحەزانی كیانی دەستووری و شەرعیی هەرێمی كوردستان.

حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاند: ئیدانەی هەرجۆرە گوتارێكی نەیار بە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و كیان و قەوارە دەستوورییەكەی هەرێمی كوردستان دەكه‌ین، پێویستە هەموو لایەك بە تایبەتی میدیاكانی عێراق، لە چوارچێوەی بنەما چەسپاوەكانی دەستوور پەیامی میدیاییان دابڕێژنەوە و پابەندی بنەمای سیستمی فیدراڵی بن، كە لە دەستووردا چەسپێندراوە و گەلانی عێراق دەنگیان پێداوە.

ڕاشیگه‌یاند “مایەی نیگەرانیمانە ڕۆژنامەیەكی سەر بە دەوڵەت، بە بێ لەبەرچاوگرتنی واقیعی یاسایی و دەستووری هەرێمی كوردستان، بابەتێكی دژ بە گیانی بەیەكەوەبوون و بنەما چەسپاوەكانی دەستووری عێراق و سیستمی فیدراڵی بورووژێنێت، بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە بابەتانە دەچنە چوارچێوەی تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بەیەكەوەژیانی ئاشتیانە و هەوڵدانە بۆ چاندنی گیانی ڕق و نكوڵیكردن، هەروەها هەوڵێكی نەزۆكە بۆ دژایەتیكردنی كیانی دەستووری هەرێمی كوردستان”.

حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: داواكارین لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی عێراق، ڕێگر بن لە بڵاوكردنەوەی گوتاری دژ بە بنەما دەستوورییەكان، سیستمی فیدراڵی عێراق و كیانی دەستووری و یاسایی خەڵكی كوردستان، كە بەری ڕەنج و تێكۆشانی گەلی كوردستانە دژ بە دیكتاتۆری و لەپێناویدا خوێنی سەدان هەزار شەهید ڕژاوە.

وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان داواشی له‌ كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان كرد پەخشكەری گوتاری لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە بن، خۆیان لە بڵاوكردنەوەی گوتاری چاندنی ڕق و پەرتەوازەیی بپارێزن، پەنا نەبەنە بەر وەرگێڕانی گوتاری ناحەزانی كیانی دەستووری و شەرعیی هەرێمی كوردستان و لە ڕێگەی پەیامەكانیانەوە پارێزەری بەری خوێنی شەهیدان بن.

رۆژی شه‌مووی ڕابردوو ڕۆژنامه‌ی سه‌باحی عێراقی راپۆرتێكی به‌شێوه‌ی ڕاپرسی به‌ ناونیشانی (ئایا هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌؟) بڵاو كرده‌وه‌، بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ش كاردانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ و فراوانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق لێ كه‌وته‌وه‌.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی وه‌ڵامی ڕاپۆرته‌كه‌ی دایه‌وه‌ و له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاند “هەرێمی کوردستان خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگریی پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نووسینی رۆژنامەیەکی مایەپووچ، هەڵناوەشێتەوە کە پارەیەکی زۆری لێ خەرج دەکرێ و کەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە”.