بە گوتەی شارەزایانی بواری سیاسی، بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گرنگیی ھەولێر لەسەر نەخشەی سیاسی و وزەی جیھان نیشان دەدات. دەشڵێن: وڵاتان بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەو چاوپێکەوتنانەی لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە کراون، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بۆ زیاتر ئالوگۆڕکردن و ڕێککەوتن لەسەر بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان گرنگن، ھەروەھا ھەماھەنگیی ھاوبەش، ئەمەش بۆ بەرقەراریی ئاشتییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە داوەتنامەیەکی فەرمی بانگھێشت کرا و بەشدار بوو لە کۆنگرەی ئاسایشی میونشن، لە پەڕاوێزی کۆنفرانسەکەدا، نێچیرڤان بارزانی چەندین دیدار و چالاکی لەگەڵ شاندی دیپلۆماسی و ئەمنی و ئەندام پەرلەمانی وڵاتانی بەشدار بوو کردد.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ١٧ی ئەم مانگە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا دەستی پێ کرد و تا ١٩ی مانگ بەردەوام بوو، کۆنفرانسی میونشن بە گەورەترین کۆنفرانس لە جیھان دادەنرێت لە بواری ئاسایشدا؛ زیاتر لە ٤٠ سەرۆک و سەرۆکوەزیران و ٩٠ وەزیری دەرەوەی وڵاتان لە ئەوروپا، ئەمریکا، ئاسیا، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین لەگەڵ کەسایەتی جیھانی بەشدار بوون.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی ١٩٦٣وە لەنێوان ئەندامانی ناتۆ دەستی پێکرد و لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەرگای بۆ ھەموو وڵاتانی جیھان کردەوە تاوەکو پرسە ئەمنی و سیاسییەکانی جیھان بە چڕی و وردی و ڕەخنەگەرانە بخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە. کۆنفرانسەکە، ساڵانە بە مەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگیی زیاتری جیھانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە جیھانییەکان بەڕێوەدەچێت و دەرفەتێکیشە بۆ کەسانی بەرپرس لەو بوارە تاکو بیروڕاکانیان ئاڵۆگۆڕ بکەن و پەیوەندی بەھێزتر دروست بکەن. ھەرچەندە کۆنفرانسەکە شوێنی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکانە لەسەر بابەتە ئەمنییەکان و ھیچ بڕیارێک نادرێت، بەڵام لەبەر گرنگییەکەی بە داڤۆسی ئاسایش ناودەبرێت، واتە گرنگی میونشن بۆ ئاسایش وەک گرنگیی داڤۆسە بۆ ئابووری.
فەلاح مستەفا، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی: وڵاتان بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن، دەیانەوێت دوایین زانیاری لەسەر دۆخی نێوخۆی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا و ئاستەنگییەکانی نێوانیان بزانن، ئەوان دەیانەوێت بزانن لە ئاستی دووقوڵیدا دەتوانن چی بکەن و چۆن ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە ببەن.
د. فەھیم خدر، شارەزا لە بواری نێودەوڵەتی، بۆ “ھەولێر” گوتی: بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن دەبێتە ھۆی ئەوەی پەیوەندیی دیپلۆماسی دروست ببێت و وڵاتان زیاتر گرنگی بە ھەرێمی کوردستان بدەن.
هەرەوا گوتی: ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرقەراربوونی ئەمنییەت لەسەر ئاستی جیھان ببینێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر پێگەی ھەرێمی کوردستان دەبێت.