چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ هاووڵاتیان لە جۆرە فێڵ و هەڵخەڵەتاندنێك ئاگادار ده‌كاته‌وه

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ هاووڵاتیان لە جۆرە فێڵ و هەڵخەڵەتاندنێك ئاگادار ده‌كاته‌وه و رایدەگەیەنێت بەناوی حەجی بازرگانی خەڵكانێك دەیانەوێت زیان بەهاووڵاتیان بگەیەنن.

بەرێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بڵاویكردەوە: “ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌ندێك په‌یج و له‌لایه‌ن چه‌ندین كه‌سه‌وه‌ له‌ سعوودییه‌‌ و ته‌نانه‌ت له‌ كوردستانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌هاووڵاتیانه‌وه‌ ده‌كرێت و بانگه‌شه‌ی دابینكردنی ڤیزای ساڵانه‌ بۆ حه‌ج و ڤیزای حه‌ج به‌ شێوه‌ی تایبه‌ت یاخود حه‌جی بازرگانی ده‌كرێت.”

ئاماژە بەوەش كراوە: “ئێمه‌ له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رێككاری یاسایی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر كه‌س و كۆمپانیایه‌ك ده‌گرینه‌ به‌ر كه‌ به‌م جۆره‌ ده‌یانه‌وێت زیان به‌ هاووڵاتیان بگه‌ێنن و به‌ پێویستی ده‌زانین هه‌موو لایه‌ك ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ به‌رپرسیار نییه‌ له‌ هه‌ر كێشه‌یه‌ك كه‌ بێته‌ رێگه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ به‌م جۆره‌ هه‌وڵ بۆ حه‌ج كردن بده‌ن.”

بەرێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووەتەوە‌ كه‌ پرۆسه‌ی حه‌ج به‌رێگه‌ی دروست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی تیروپشك و ناونووسینه‌وه‌ هاووڵاتیان سه‌فه‌ر بكه‌ن: “له‌ ساڵانی رابردوویشدا ئه‌م هه‌وڵانه‌ هه‌بووه‌ به‌ڵام به‌شێكی زۆریان نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ به‌جێ بگه‌ینن كه‌ بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد و پاره‌ی خه‌ڵك له‌م رێگه‌یه‌ فه‌وتاوه‌.”

كاروان ستووونی، بەرێوه‌به‌ری راگەیاندنی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان،بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “دەبێت هاووڵاتییان لەو جۆرە فیڵ و كارە بازرگانییە ئاگادار بن و لایەنی فەرمی بۆ پڕۆسەی حەج ئێمەین و نامانەوێت هاووڵاتییان بەهەر ناوێك بێت فیڵیان لێ بكرێت و زیانیان پێ بگات.”