هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

پشتیوان سادق: دەرفەت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەماوە

پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کوردستان، رایگەیاند؛ دەرفەت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەماوە.

پشتیوان سادق ئەوەی خستەڕوو، کە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوەندە نین چارەسەر نەکرێن. گوتیشی هەر دەبێت کۆببینەوە، کەمێک زووتر یان درەنگتر کۆبوونەوە هەر دەبێت بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەشدا، پارتی کێشەی لەگەڵ بازنەی هەڵبژاردن نییە.

لەبارەی ئەو راپرسییەی رۆژنامەی ئەل-سەباح بڵاویکردەوە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستووریە و بە خوێن و ماندووبوونی خەڵکی کوردستان دروستبووە، هەروەها لە %93ـی خەڵکەکەی دەنگیان بە سەربەخۆیی داوە.

سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق راگەیاند، حکومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە 620 ملیۆن دۆلارە، کاتێک دۆلارێک بە 1450 دینار بوو، ئەو بڕەی حکومەتی عێراق دەینارد، 137 ملیۆن دۆلار بوو، ئەمەش لەکاتێکدا داهاتی مانگانەی عێراق لە هەشت ملیار دۆلار کەمتر نییە، گوتیشی: پێمان سەیرە بۆ ئەو بڕە پارەیە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.