حەمید ئەفەندی، پێشمەرگەی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی پارتی و وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی چوارەم، لە تەمەنی ٨٩ ساڵی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ھەولێر کۆچیی دوایی کرد.
دوێنێ بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی، فازل میرانی و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسانی حکوومی و ھەڤاڵ و ھاوسەنگەرانی و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان و کەس و کار و بنەماڵەکەی، بە مەڕاسیمێکی پڕشکۆ تەرمی تێکۆشەری کوردستان حەمید ئەفەندی، پێشمەرگەی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی پارتی و وەزیری پێشووی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە زێدی خۆی لە سیدەکان بە خاک سپێردرا.
حەمید حوسێن مەلا، ناسراو بە حەمید ئەفەندی، لە ساڵی ١٩٣٢ لە سیدەکان دەڤەری برادۆست لە دایکبووە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە، لە رەوتی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین بە زنجیرە سەر لق، فەرماندەی بەتاڵیۆن، فەرماندەی ھێز، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی پارتی دەست نیشان کراوە، بەشداری کۆنگرەکانی ٩ تا ١٣ی پارتی کردووە و لە کۆنگرەی ٩ بۆتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بۆ ماوەی ١٥ ساڵ ئەندامی کۆمیتە بووە، لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران بووە، لە ساڵی ١٩٧٧ گەڕاوەتەوە ڕێزی پێشمەرگەکانی گوڵان، لە چەندین داستان بەشداری کردووە، لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکان فەرماندەیەکی چاونەترس بووە و ڕۆڵی فەرماندەیی بینیوە، لە ماوەی تەمەنی چەندین ئەرک و بەرپرسیارەتی لە حیزب و حکوومەت وەرگرتووە، دواین پۆستی حکوومی وەزیری پێشمەرگە بووە، لە دوایین ئەرکی پێشمەرگایەتیی بەرپرسی میحوەری باشیکی ھێزەکانی پێشمەرگە بوو لە شەڕی دژی داعشدا.
سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی کۆچی دوایی حەمید ئەفەندی، پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان پەیامێکی ھاوخەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کوردستان پێشمەرگەیەکی قارەمانی لەدەستدا، منیش برا و دۆست و ھاوسەنگەر و ھەڤاڵێکی خۆشەویستم لەدەستدا.”
سەرۆک بارزانی رایدەگەیێنێت، حەمید ئەفەندی لە قۆناخە جیاجیاکانی بەرخودان و خەباتی گەلەکەمان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و راپەڕین و ھەروەھا لە قۆناخی دوای راپەڕین و شەڕی رزگارکردنی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا پێشمەرگە و فەرماندەیەکی ئازا و بەرگریکاری سەرسەختی بەھا و ئامانجەکانی گەلی کوردستان بووە.”
ھەڵگورد شیخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەناوی حکوومەتی ھەرێم، وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: حەمید ئەفەندی لە ھەموو کوردستان ناسراو بوو، ھیچ کاتێک سەروەت و سامان و پلە و پایە لە ھەڵسوکەوتی ئەو کەسایەتییە نەگۆڕی و لەسەر ھەمان سۆز و پەیمانی جاران بەردەوام بوو، تا دواساتەکانی ژیانی ھەمیشە پێشمەرگەی بە لوتکەی پلە و پایە داناوە، لە تەمەنی ٨٥ ساڵی سەرکردایەتی بەرەی شەڕی کرد لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش، ھەر ئەوەش وای کرد ببێتە جێگەی ڕێز و خۆشەویستی لای سەرۆک بارزانی.
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، حەمید ئەفەندی قارەمانی کوردستان بوو، حەمید ئەفەندی ھەموو کوردستانی کۆکردەوە، بەشداربوونی ئەو خەڵکە زۆرە سەروەرییە بۆ حەمید ئەفەندی، بەیعەتێکە بۆ ئەو قوتابخانەی کە تێیدا پەروەردە بووە و مامۆستاکەی بارزانی نەمر و ئەمڕۆش بەیعەتەکە بۆ سەرۆک بارزانییە، باس کردنی مێژوویی خەباتی قەرەمانێکی وەکو حەمید ئەفەندی بە چەند خوولەکێک و دێرێک کۆتایی نایەت، چونکە لە چەندین داستان بەشداری کردووە، ھەر لە شەڕەکانی شۆڕشی ئەیلوول بگرە تا ئەمڕۆ، لە ھەر شەڕێک بەشداری کرد بێت سەرکەوتنی بە دەست ھێناوە، بۆیە ھەر بەرد و دۆلێکی ئەم کوردستانە ١٠١ شاھێدی بۆ حەمید ئەفەندی دەدەن.