بلنکن بۆ نێچیرڤان بارزانی: زۆر گرنگه‌ په‌يوەندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا سه‌قامگير بێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، به‌ بايه‌خه‌وه‌ باسى له‌ په‌يوەندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا كرد كه‌ زۆر گرنگه‌ په‌يوه‌ندييه‌كى سه‌قامگير بێت و كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌ په‌راوێزی دیداره‌کانیدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 18ـی 02ـی 2023 له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنى بلنكن، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا كۆبووه‌وه‌.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: هه‌ردوولا ده‌رباره‌ی دوايين سه‌ردانى شاندى عێراق بۆ واشنتۆن و گفتوگۆكانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مريكا، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى چوارچێوه‌ى ستراتيژيى نێوانیان و دۆخى عێراق، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

ڕاشیگەیاند: بلنكن پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ بايه‌خه‌وه‌ باسى له‌ په‌يوەندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد كه‌ زۆر گرنگه‌ په‌يوه‌ندييه‌كى سه‌قامگير بێت و كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

باسی لەوەش کردووە کە “لای خۆیه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى پێشكه‌شكردنى پوخته‌يه‌ک له‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌مريكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ئاڵنگارييانه‌ى ڕووبه‌ڕووى ده‌بنه‌وه‌.”

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە “بارودۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.”