نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى كۆمسيۆنى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 2023/2/18 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ميونشن، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ خاتوو ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سه‌رۆكى كۆمسيۆنى ئه‌ورووپا، باسيان له‌ دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد.

خاتوو ڤۆن دێر لاين دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ يه‌كێتيى ئه‌ورووپا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و به‌ گرنگ و پێويستى زانى كه‌ كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، له‌ هه‌رێمى كوردستانيش كێشه‌ ناوخۆييه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌موو پشتگيرييه‌كى يه‌كێتيى ئه‌ورووپاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيرى و هاوكاريى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ ئاماده‌يه‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكات.

قه‌يرانى وزه‌ و دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ڕۆڵى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌ ناوچه‌كه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.