لە هەولێر..ڕێورەسمێکى تایبەت بە کۆکردنەوەى داهات بۆ پشتگیری منداڵانی توشبووی شێرپەنجە سازکرا

بەمەبەستى کەمکردنەوەى گرفتە دەروونی و كۆمەڵایەتیەکان لە چارەسەركردنی منداڵانی توشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە و دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، ئەمڕۆ شەممە 2023.2.18، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی، ڕێورەسمێکى تایبەت بەکۆکردنەوەى داهات لە لایەن رێکخراوی تۆری پزیشکی ژاپۆنی بۆ پشتگیری منداڵانی توشبووی شێرپەنجە لەنەخۆشخانەی نانەکەلی هەولێر سازکرا.

جێگەى باسە، نەخۆشیی شێرپەنجە یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكانی دنیا و سێ‌ ئاستی تووشبوونی هەیە و ساڵانە هەزاران كەس بەو نەخۆشییە گیان لە دەست دەدەن، لە هەرێمى کوردستان بەپێى گوتەى پسپۆڕان رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە خوار ستانداردە جیهانییەكانە و نزیكەی 100 كەسە بۆ 100 هەزار كەسە، لەكاتێكدا ستانداردە جیهانییەكان 150 كەس بۆ 100 هەزار كەس.