بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی پیشەسازی کار دەکرێت ئەو کارگانەی لەکار وەستاون دووبارە بکەونەوە کار و ئەوانەی کارگەی نوێش دادەمەزرێنن ئاسانکارییان بۆ بکەن، چونکە هەم بەرهەمی ناوخۆ زیاد دەکات و هەم دەستی کار، بۆیە گرنگە کە بتوانین پێداویستی ناوخۆ پڕ بکەینەوە و هەناردە زیاد بکەین، کە دەبێتە هۆی سەقامگیریی ئابووری هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەوزاد شێح کامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە گرنگیی تایبەت بە کەرتی پیشەسازی بدرێت و لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەک کراوە و لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی بازرگانی ڕاسپێردرا کە لەگەڵ وەزارەتەکان دانیشتن بکرێت بۆ ئەوەی کێشە و گرفتی بازرگانی هەیە ئەگەر لە دەسەڵاتی وەزارەتەکان بوو چارەسەری بکەن و ئەگەر لە دەسەڵاتی ئەوان نەبوو بەرزی بکەنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەیەکیش پێک هاتووە و کۆبوونەوەشی کردووە و ئەو گرفتانەی بەردەم پیشەسازی و بازرگانی بەپێی تایبەتمەندیی وەزارەتەکان چارەسەری بکەن و ئەگەر لە دەسەڵاتی ئەوانیش نەبوو لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکەوە بەرزی بکەنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانی بەئاسانی کاری بازرگانی بکات و کارگە دامەزرێنێت و ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک کارگە دامەزرێنن و بەرهەمی ناوخۆ زیاد بکرێت .
نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: کار دەکرێت ئەو کارگانەی وەستاون بەکار بخرێنەوە و ئەوەی داوای دامەزراندنی کارگەی نوێش دەکات کە پێویستیی خەڵکن ئاسانکارییان بۆ بکرێت تا کارگەی نوێ دامەزرێنن، کە زیاتر لە چوار هەزار کارگە هەیە کە زۆرینەی لەکار وەستاون و کار دەکرێت دووبارە بکەونەوە کار، چونکە ئەمانە بەرهەمی ناوخۆ و دەستی کار زیاد دەکەن، بۆیە ئەو هەنگاوە لە هەموو ڕوویەکەوە سوودی دەبێت و تا دەگاتە هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە، چونکە لە هەر وڵاتێک هەناردە زیادی کرد سەقامگیریی ئابووری دروست دەبێت.”