حوسێن کەلاری: ھیچ وڵاتێک بەقەت ھەرێمی کوردستان ھاوکاریی زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەی نەکردووە

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئاستەنگ بۆ گەیاندنی ھاوکاری ھەیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت، ھیچ وڵاتێک بەقەت ھەرێمی کوردستان ھاوکاریی زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان نەکردووە.

حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “سبەی ھەینی کۆتا ڕۆژی کەمپینی کۆکردنەوەی ھاوکارییە بۆ زیان لێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەپێی داتاکانیش ھاوکارییەکی زۆر تا ئێستا کۆ کراوەتەوە و بەشێکی ڕەوانەی تورکیا و سووریا کراوە و بەشێکی دیکەیشی لە ڕۆژانی داھاتوو ڕەوانە دەکرێت، بەپێی مەزەندەی خۆمان وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ وڵاتێک بەقەت ھەرێمی کوردستان ھاوکاریی زیان لێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی نەکردووە.”

بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت: “تیمی فریاکەوتنی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی کارکردنیاندا لە باکووری کوردستان توانیویانە ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتی ژێر تەلارە ڕووخاوەکان دەربێنن و تەرمێکی زۆریش دەرھێنراون لەلایەن تیمەکانی ھەرێمی کوردستان، یەکێک لە کارمەندانی تیمی ھەرێم لە باکووری کوردستان بەھۆی کارکردنەوە بریندارە.”

لەبارەی ڕەوانەکردنی ھاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان حوسێن کەلاری گوتی: “ھەرێمی کوردستان بە یەک چاو تەماشای باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و جیاوازی ناکرێت لە گەیاندنی ھاوکارییەکان، بەڵام ئاستەنگ بۆ ڕەوانەکردنی ھاوکاری ھەیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و ئەوەیشی تا ئێستا ڕەوانە کراوە لەوێ وەک پێویست دابەش ناکرێت و ناگات بە دەستی زیان لێکەوتووان، ھەر لە یەکەم ڕۆژەوە وەزیری ناوخۆ لە ھەوڵدا بوو تا ڕێگە بکرێتەوە بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.”