سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی، لە دواین سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دران و شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیار و تێبینیی خۆی پێشکەش کردوون و بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی حکوومەتی هەرێم بگەڕێتەوە بەغدا و درێژە بە دانوستان و گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بدات، بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە ڕێککەوتن.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوامن لەبارەی کێشەکان و تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانوستانەکان بەردەوام دەبن لەسەر هەموو پرسەکان، بودجە و نەوت و غاز و سەرجەم پرسەکانی دیکە، بۆیە لە سەردانی ئەم جارە کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دران و دانوستانەکانیش بەردەوام دەبن و هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا بۆ درێژەدان بە دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.”
فارس عیسا گوتیشی: ”سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی لەسەر کۆمەڵێک بنەما گەیشتبوونە ڕێککەوتن، بەتایبەتی لەبارەی هەردوو پڕۆژەیاسای نەوت و غاز و بودجە، ئەوەش بووەتە بنەمای سەرەکیی گفتوگۆی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و تێبینی و پێشنیاری خۆمان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و نەوت و غاز پێشکەش کردووە و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووش دانوستانەکان بەردەوام دەبن.”
عیسا باسی لەوەش کرد: ”سەرۆکوەزیرانی عێراق نیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی هەیە و خۆیشی چاودێری ئەو بەرنامەیەی حکوومەت دەکات کە جێبەجێ بکرێت، ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر کراوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، هەر بۆیەش شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن.”
گوتیشی: ”سەقفی زەمەن دانراوە بۆ ناردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز بۆ پەرلەمان لە ماوەی 60 ڕۆژ و ئێمەش تێبینیی خۆمان پێشکەش کردووە و ئەوانیش تێبینیی خۆیان پێشکەش دەکەن، بۆیە هەوڵ دەدرێت بگەینە ڕێککەوتن و بۆ بودجەش گفتوگۆ بەردەوامە و لە قۆناغی ئامادەکردندایە و داکۆکی دەکەین کە پشکی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە نەبێت کە پێشتر دانرابوو (12،67)، چونکە ئەوە ڕێژەیە پشکی هەرێمی کوردستان نییە و پێویستە زیاتر بێت بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.”