بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاشکرای کرد، بڕیارە ئەمساڵ ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری ھەولێر بکەونە واری جێبەجێکردن و دەشڵێ، یەکێک لەو پڕۆژانە کردنەوەی کارگەیەکی گەورەی چیمەنتۆ دەست بەکار دەبێت و ئێستا لە قۆناغی پێدانی مۆڵەتی وەبەرھێنانە.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بەپێی پلانی وەبەرھێنان بڕیارە ئەمساڵ ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ بکەونە واری جێبەجێکردنەوە و ئێستا ژمارەیەک وەبەرھێنان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان لە قۆناغی پێدانی مۆڵەتدان و گەشبینین بەوەی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کردنەوەی پڕۆژەی ستراتیژی لە کەرتی وەبەرھێنان باشتر بێت.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر گوتیشی: ”یەکێک لەو پڕۆژە ستراتیژییانە پیشەسازیی دامەزراندنی کارگەیەکی بەرھەمھێنانی چیمەنتۆیە و ئێستا پڕۆژەکە لە باری پێدانی مۆڵەتی وەبەرھێنانە.”
سامان عارەب ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “ئەو پڕۆژانەی لە ھەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵین جگە لەوەی بەرھەمیان دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان دەرفەتی کاریش بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەڕەخسێنن، ھەر پڕۆژەیەک بکرێتەوە چەندین کەس لێی سوودمەند دەبن و کاریان دەست دەکەوێت.”