بەڕێوەبەری گشتیی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، بەپێی دواین ئاماری ئەو هاوکارییانەی بۆ تورکیا و سووریا ڕەوانە کراون، تا ئێستا 88 کاروانی کەلوپەل و پێداویستی بە مۆڵەتی فەرمی ڕەوانە کراون و کۆکردنەوەی هاوکارییەکانیش بەردەوامە.
بەڕێوەبەری گشتیی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حوسێن کەلاری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ تورکیا و سووریا، دوای پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەست بە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری کرا، خۆشبەختانە تا ئێستا 88 ڕێگەپێدان بە ناردنی هاوکاری بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دراوە، کە 88 کاروانی بارهەڵگری کەلوپەلی پێویست بۆ خەڵکی زیان لێکەوتوو ڕەوانە کراون.”
حوسێن کەلاری گوتیشی: ”ئەو کەلوپەلانەی ڕەوانەش کراون بۆ باکووری کوردستان لە تورکیا 31 هەزار و 679 بەتانی و 8 هەزار و 913 دۆشەک و 53 سەرچەف و هەزار و 836 پارچە ڕایەخ و هەزار و 222 خێمە و 33 هەزار و 396 سێتی ئاو و دایبیی منداڵان 97 و 708 کارتۆنی جلوبەرگ و سوپەی نەوت حەوت هەزار و 848 پارچە و هیتەری کارەبا 23 هەزار و 208 دانە و خواردنی جۆراوجۆر 290 کارتۆن و برنج 21 هەزارو 490 کیلۆ و نیسک 11 هەزار و 734 و زەیت و ڕۆن 57 هەزار و 958 لیتر و فاسۆلیا 2 هەزار کیلۆ و خوێ 22 هەزار و 522 کیلۆ و ئارد 19 هەزار و 976 کیلۆ و چا 3 هەزار و 746 کیلۆ و شەکر 15 هەزار و 860 کیلۆ و شیری منداڵان 140 هەزار و 458 قوتی و مەمی شیر و مەمەی وشک 4 هەزار و 685 پارچە و پاککەرەوە 150 کارتۆن و پێداویستیی ئافرەتان 3 هەزار و 288 پارچە و وشککەرەوەی پرچ 188 دانە و کلینکس یەک هەزار و 800 پارچە و پێلاو 37 کارتۆن و گۆرەوی 3 هەزار و 950 جووت و تەپاخی سێ کوچک 5 دانە و کفن بەداخەوە 120 ڕۆڵ و قاپی پلاستیک 20 کارتۆن و جانتا 16 کارتۆن و کەلوپەلی پێداویستیی خاوینکردنەوە 170 کارتۆن.”
کەلاری باسی لەوەش کرد: ”ئەو کەلوپەلانەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستانیش ڕۆیشتوون، بەتانی 12 هەزار و 894 و خیمە 801 دانە و جەلوبەرگ 528 کارتۆن و هیتەری کارەبایی هەزار و810 دانە و پێلاو 400 و خورما 100 کارتۆن و شیری منداڵان 2 هەزار و 626 دانە و برنج 4 هەزار و 405 کیلۆ و ئاوی تەماتە 82 کارتۆن و ڕوون 61 کارتۆن و ساوار 16 کیلۆ و نیسک 564 کارتۆن و ئارد 50 کیلۆ و خوێ 29 کیلۆ و دایبیی منداڵان 69 کارتۆن و دۆشەک 105 دانە و سەرین 44 دانە و کفن 119 ڕۆڵ و نۆک 19 کارتۆن.”
گوتیشی: ”ئەو هاوکارییانەش ئەوانەی لە ڕێگەی کەمپینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خێرخوازان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کۆ کراونەتەوە، بۆیە هەمووی لە ڕێگەی وەزاەرتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانە کراوە، هیچی وەکوو حزب و ڕێکخراو ڕەوانەی نەکردووە.”
بەڕێوەبەری گشتیی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاند: ”ئەوە تەنها کۆکردنەوەی کەلوپەلە و پارەش هێشتا ماوە کە کۆتا ڕۆژ حیساب دەکرێت و ڕۆژی هەینی کۆتا ڕۆژی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان دەبێت.”