دەزگای خێرخوازی بارزانی بڕی هاوکارییەکانی بۆ باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە 78 هەزار خێزان سوودیان لەو هاوکارییانە وەرگرتووە کە ئەوان گەیاندوویانە؛ زۆرینەیان لە پارێزگای مەرەش بوون کە نزیکەی 27 هەزار خێزان هاوکاریی کراون.
رۆژی چوارشەممە 15-12-2023، دەزگای خێرخوازی بارزانی بڕی ئەو هاوکارییانەی بڵاوکردەوە کە دابەشیان کردووە بەسەر هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، هەروەها خەڵکی تورکیا. ئامارەکە بڕی ئەو هاوکارییانەی تێدا تۆمارکراوە کە تاوەکو 14ـی شوبات گەیێندراون بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە.
لە پارێزگای دیلۆک زیاتر لە 21 هەزار خێزان هاوکاری کراون
لە پارێزگای دیلۆک، ئەم پێداویستیانە دابەشکراون؛ 10 هەزار و 500 بەتانی، هەزار و 567 خێوەت، 14 بارهەڵگر کە خۆراکی وشک، بەتانی، دۆشەکە، سۆپا، خواردنی خێرا و شیری منداڵانی تێدا بووە و زیاتر لە 7 هەزار خێزان سوودیان لێوەرگرتووە؛ هەروەها هەزار و 83 بریندار چارەسەری پزیشکییان پێشکێش کراوە.
لە پارێزگای سەمسوور لە باکووری کوردستان، 400 خێوەت، 2 هەزار ژەمە خۆراکی ئامادەکراو و 7 هەزار و 500 سێت ئاو دابەشکراون.
نزیکەی 27 هەزار خێزان لە مەرەش هاوکاری مرۆییان پێدراوە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئامەد 4 هەزار ژەمە خۆراکی ئامادەکراوی دابەشکردووە؛ هەروەها لە مەرەش 3 هەزار و 100 ژەم خواردن، 5 هەزار و 600 سێت ئاو، هەزار و 300 بەتانی، هەزار و 50 سەرین، هەزار و 600 خواردنی خێرا، 500 پاکەت خوورما، 2 هەزار و 500 ژەمە خۆراکی گەرم دابەشکراوە.
لە رووهاش لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە 4 هەزار و 500 ژەمە خۆراک، 500 سێت ئاو، 150 سێت دایبی منداڵان و 300 بەتانی دابەشکراون.
دەزگا خێرخوازییەکە ئاماژەی بەو کەرەستە و خواردنانە کردووە لە مەلەتی باکووری کوردستان دابەشی کردووە و رایگەیاندووە، 500 بەتانی، 500 پارچە دایبی منداڵان، 580 پاکەت خوورما، 2 هەزار ژەمە خواردن و هەزار سێت ئاو دابەشکراون.
26 بارهەڵگر هاوکاریی گەیێندراونەتە عەفرین
لەبارەی هاوکارییەکانی دەزگاکە بۆ رۆژئاوای کوردستان، لە ئامارەکەدا هاتووە، لە کاروانی یەکەمدا بۆ سنووری عەفرین خواردنی وشک، ئاو، جلوبەرگ، دەرمان، 250 خێوەت، 3 هەزار و 500 بەتانی، 50 جووت پێڵاو و 100 کارتۆن خۆراکی وشک لە 13 بارهەڵگردا گەیێندراونەتە زیانلێکەوتووان؛ لە کاروانی دووەمیشدا 13 بارهەڵگر خێوەت و بەتانی گەیێندراونەتە عەفرین.
جیا لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پارێزگای ئەدەنەی تورکیاش 18 بارهەڵگر سۆپای دابەشکردووە.
بەگوێرەی ئامارەکە، لە کەرەستە و خواردن و خواردنەوە دابەشکراوەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، 78 هەزار و 130 خێزان سوودمەند بوون، زۆرترینیان لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بوون کە 26 هەزار و 850 خێزان سوودیان لە هاوکارییەکان وەرگرتووە؛ دوای ئەویش دیلۆک زۆرترین هاوکاری کراوە و 21 هەزار و 150 خێزان سوودمەندبوون لە هاوکارییەکانی دەزگاکە؛ لە عەفرینیش 3 هەزار خێزان هاوکارییان وەرگرتووە