لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کەمکردنەوەی ڕۆتین لە دامودەزگاکان بەڕێوەچوو

لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی ڕۆتین لە دامودەزگاکان و ڕاییکردنی کاروبارەی هاووڵاتییان و یەکلایکردنەوە و ڕاییکردنی مامەڵەکانی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان و کۆتاییهێنان بە ڕێکارە یاسایی و هونەرییەکانی پڕۆسەی گۆڕینی کارت بۆ سەنەد.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە لە کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕاییکردنی کاروبارەی هاووڵاتییان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و چاکتر بەڕێوەچوونی کاروباری دامودەزگاکان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان لە سنووری شارەوانییەکان، تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران هەرچی لە توانادا هەیە بیکەن بۆ یەکلایکردنەوە و ڕاییکردنی مامەڵەکانی تاپۆکردنی خانووەکان. پاشان تیشک خرایە سەر کێشە و گرفتەکانی ناوچەی بەفرزۆن بە تایبەتی گەڕەکەکانی (تەعجیل، عەرەب، خانەقا)، لەو بارەیەشەوە گفتوگۆ لەبارەی ئیستیملاككردنی خانووەکانی ئەو گەڕەکانە و كێشه‌ هونەری و کارگێری و یاساییەکانی کرا.
لە کۆتایشدا سەبارەت بە بڕیاری گۆڕینی کارت بۆ سەنەد، کە ژمارەیان لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ١٤٣٠٠٠ کارت و لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان نزیکەی ٣٥٠٠٠ کارتە و لە ساڵی ٢٠١٣ تاوەکو ئێستا لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی ١٤٢٠٠٠ کارت کراونەتە تاپۆ و لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانیش لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢١ تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٠٠٠٠ کارت کراوەنەتە تاپۆ.
هەریەک لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر و یەکەی کارت و سەند ڕاسپێردران بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەولێر لە داهاتوویەکی نزیکدا بە تەواوی کۆتایی بهێنرێت بە ڕێکارە یاسایی و هونەرییەکانی سەرجەم ئەو کارتانەی کە ماون بۆ سەنەد.