هه‌زاران پارچه‌ی شوێنه‌واری له‌ مۆزه‌خانه‌ی هه‌ولێر نمایشكراون‌

چواس خالید – هەولێر

نزیكه‌ی هه‌زار پارچه‌ی شوێنه‌واری له‌ مۆزه‌خانه‌ی شارستانی هه‌ولێر پیشاندراون‌، كه‌ مێژووی به‌شێكیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رده‌می چاخی به‌ردین، ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو دامه‌زراوه‌، پار زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار و شه‌ش سه‌د كه‌سی ناوخۆیی و بیانی سه‌ردانیان كردووه‌.

مۆزه‌خانه‌ی شارستانی هه‌ولێر كه‌ له‌ ته‌نیشت گردی قالینج ئاغا هه‌ڵكه‌وتووه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو دامه‌زراوه‌ و پێشتر مۆزه‌خانه‌یه‌كی ساده‌ له‌ گه‌ڕه‌كی مناره‌ی شاری هه‌ولێر له‌ نزیك باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان هەبوو، ئه‌و مۆزه‌خانه‌ له‌سه‌ر پانتایه‌ك ڕۆنراوه‌ و له‌ سێ هۆڵدا پارچه‌ شوێنه‌واره‌ مێژوویه‌كان نمایشكراون.
كاتێك سه‌ر به‌ ژووره‌وه‌دا ده‌كه‌ی، جۆره‌ها پارچه‌ی شوێنه‌وار پێشوازیت ده‌كەن، به‌ پێی ئاماری مۆزه‌خانه‌كه‌، نزیكه‌ی هه‌زار پارچه‌ی شوێنه‌واری له‌ ته‌واوی سه‌رده‌مه‌ جیا جیاكان له‌نێومۆزه‌خانه‌كه‌دا نمایش كراون‌.
جۆراوجۆری پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی نێو مۆزه‌خانه‌كه‌ سه‌رنج ڕاده‌كێشن و ساده‌ییان ده‌تگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌رده‌می به‌ردین، ئامرازی بڕین له‌ شێوه‌ی چه‌قۆ و ئامرازی هاڕین و كه‌لوپه‌لی خواردن و خواردنه‌وه‌ و گۆزه‌ و كۆمه‌ڵێك پارچه‌ی دی به‌ ته‌نیشت یه‌كدی و له‌نێو جامخانه‌كاندا هه‌ن، كه‌ پارچه‌كان تایبه‌تن به‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
مێژووی زۆرێك له‌و پارچانه‌ی پیشان دراون كۆنن و كۆنترین پارچه‌كانی كه‌ له‌ ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر دۆزراونه‌ته‌وه‌، مێژووه‌كه‌یان بۆ سه‌رده‌می چاخی به‌ردینی كۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پارچه‌كانی دیكه‌ی سه‌رده‌مه‌كانی دیش، به‌پێی زینجیره‌ی مێژوویی به‌دووی یه‌كدا داندراون.
ڕۆژانه‌ و جیا له‌ پشووه‌كان، مۆزه‌خانه‌ی شارستانی هه‌ولێر به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام پێشوازی له‌ میوانانی ناوخۆ و بیانی و قوتابیانی ته‌واوی قۆناخه‌كانی خوێندنی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی و زانكۆ و په‌یمانگه‌كان ده‌كات، كه‌ له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی مۆزه‌خانه‌كه‌وه‌ پێشوازیان ده‌كرێت و زانیاری پێویست سه‌باره‌ت به‌ پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی پیشاندراو پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندی پارچه‌كانی پیشاندراو، تا دێت ژماره‌ی سه‌ردانیكه‌رانی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌ و به‌پێی ئاماری مۆزه‌خانه‌كه‌، له‌ ساڵی ٢٠٢٢دا حه‌وت هه‌زار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت كه‌س، سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌كه‌یان كردووه‌، كه‌ تێیاندا سێ سه‌د و بیست و شه‌ش كه‌س میوانی بیانی بوونه‌.
مۆزه‌خانه‌ی شارستانی هه‌ولێر سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوری هه‌ولێره‌ و یه‌كێكه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ گرنگه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار؛ ئه‌و مۆزه‌خانه‌‌ تا ئێستا چه‌ند جار شوێنه‌كه‌ی گواستراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ گه‌ڕه‌كی مناره‌ی هه‌ولێر بووه‌ و دواتر له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكان ده‌گوازرێته‌وه‌ خانووی ساڵح چه‌له‌بی، له‌نێو قه‌ڵای هه‌ولێر و پاشان له‌ ساڵی ١٩٨٥، ده‌ست به‌ ڕۆنانی مۆزه‌خانه‌یه‌كی نوێ له‌ ته‌نیشت گردی قالینج ئاغا كراوه‌، كه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٩ بینای مۆزه‌خانه‌كه‌ ته‌واو بوو و له‌و كاته‌شه‌وه‌ تا ئێستا به‌ڕووی سه‌ردانیكه‌رانیدا كراوه‌ته‌وه‌.