عەبدوڵڵا وەرتی، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی:دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

عەبدوڵڵا وەرتی، وتەبێژی بزووتنەوەیی ئیسلامی، لە دیمانەیەکی”هەولێر”ـدا ڕایدەگەیەنێت؛ وەکو بزووتنەوەیی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەداین ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، بۆ ئەوەش دەبێت حیزبەکان نەرمی بنوێنن و لە داواکارییەکانی خۆیان بێنە خوارەوە. دەشڵێ: پێویستە دانوستاندن و ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە ڕێی حکوومەتی هەرێم بێت، نەک هەر ھێزێک بۆ خۆی بچێتە بەغدا و دانوستاندن بکات.

  • تا چەند لەگەڵ ئەوەن ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت؟
  • هەر لە سەرەتاوە پێمان باش بوو حیزب و لایەنەکان لەسەر بابەتی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە هەم بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان، هەمیش بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان باش بوو، بەڵام بەداخەوە لایەنەکان ڕێک نەکەوتن، تا دواجار تەمەنی پەرلەمان درێژ کرایەوە.
  • کەواتە ئێوە لەگەڵ ئەوەن ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت؟
  • بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئەوەین ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت. بۆیە پێمان باشە هەرچی زووە لایەنەکان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن ڕێک بکەوتن، ڕێککەوتنەکەش بە شێوەیەک بێت لە بەرژەوەندیی هەموو ھێزە سیاسییەکان بێت، لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، تەنانەت لە بەرژەوەندیی پێکھاتە ئایینیی و نەتەوەییەکان بێت.
  • تا چەند پێویستە لایەنەکان وەکو پارتی نەرمی بنوێنن، بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت؟
  • هەر ھێزێکی سیاسی خواست و ئامانجێکی دیاریی کراوی هەیە، هەر حیزبێک بیەوێت هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت، یان فرە بازنەیی، ئەوە مافێکی ڕەوایی خۆیەتی؛د بەڵام دەبێت بە سازان و گفتوگۆ ئەو پرس و بابەتانە یەکلا بکرێنەوە کە دواجار لە بەرژەوەندیی هەموو ھێزە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستاندا بێت. چونکە بەو شێوەی ئێستە، هەم هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ناکرێت، هەم پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان کێشەی تێ دەکەوێت. بۆیە پێویستە حیزبەکان نەرمی بنوێنن و لە هەندێک لە داواکارییەکانی خۆیان بێنە خوارەوە، بۆ ئەوەی ڕێک بکەون و ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و چی دیکە دوا نەخرێت.
  • وەکو بزووتنەوەیی ئیسلامی دەتانەوێت هەڵبژاردن بە چ شێوەیەک بکرێت؟
  • گرنگ ئەوەیە لایەنەکان ڕێک بکەون، جا بە هەر شێوەیەک بێت، ئەوە لای بزووتنەوە کێشە نییە. بەڵام ئەوە پێویستی بە گفتوگۆ هەیە. دوای ڕێککەوتنی لایەنەکان لە دانیشتنێکی پەرلەماندا بکرێت بە یاسا و کاتێک بۆ کردنی هەڵبژاردن دیاری بکرێت؛ ئەوەی گرنگە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێت، کە ئەوە لای ئێمە لە هەموو شتێک گرنگترە.
  • بۆچی هەندێک لایەن لە هەڵبژاردن دەترسن؟
  • بەداخەوە زۆرێک لە ھێز و لایەنە سیاسییەکان تا ئێستاش مەبەستیانە ڕەچاوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن، ئەوەش کارێکی نالۆجیکییە، چونکە پێویستە هەموو لایەنەکان بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەم وڵاتە لەبەرچاو بگرن، نەک بەرژەوەندیی حیزبی. ئەوەی ئێستە هەندێک حیزب دەیکەن لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا نییە.
  • تا چەند پشتگیری لە داواکاری پێکھاتەکان دەکەن؟
  • ئامادەبوونی پێکھاتە ئایینیی و نەتەوەییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گرنگە، پێویستە بەرژەوەندیی پێکھاتە ئایینیی و نەتەوەیەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنەکان بپارێزرێت و ئەو میکانیزمەمان پێ باشە کە خۆیان پێیان باشە و خۆیان هەڵی دەبژێرن.
  • چۆن دەڕوانە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؟
  • چارەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور، هەم لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هەم لە بەرژەوەندی عێراقە؛ لە هەمان کاتدا پێمان باشە لە دانوستاندن و گفتوگۆیەکاندا هەموو لایەنەکانی کوردستان پێکەوە بەشدار بن، نەک هەر ھێزێک بۆ خۆی بچێتە بەغدا و دانوستاندن بکات. بەڵکو پێویستە ئەوە بە سیستماتیک بکرێت و لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمەوە بێت، چونکە ئەگەر بەو شێوەیە بێت ڕێککەوتن لەسەر هەموو ئەو کێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن دەکرێت.