سبەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی پاریس دەکات

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

نزیکەی سێ دەیە بەسەر پەیوەندییەکی تووند و تۆڵ و مێژوویی لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، پێش ئەوەش پەیوەندی هەبووە بەڵام رۆڵی فەرەنسا لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ناوچەی دژە فڕین پەیوەندییەکانی هەردوولای بردە قۆناغێکی دیکە، ئێستا ئەو پەیوەندییانە لە ئاستی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و کولتووریش بەردەوامن، بڕیاریشە هەردوولا بڕیار لەوە بدەن کە قۆناغێکی نوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان هەروەها لە هاوبەشیکردن بۆ ئاستەنگە سەرەکییەکان دەستپێبکەن .

رۆژی پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی پاریس دەکات، بەپێی زانیاری میدیای فەرەنسا لەو سەردانەیدا مەسرور بارزانی لەگەڵ ئێمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، هەروەها ئێلیزابێس بۆرن سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا کۆببێتەوە .
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا ، میدیای فەرەنسا باسی لەوە کردووە ، زۆر پرس هەیە لە نێوان هەردوولا باس بکرێت بەتایبەت لە ئاستی هەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەوە تەنیا پرسێک دەبێت ئەو پرسانەی دیکە کە باس دەکرێن هاوکاری و هاوبەشیی زیاتری فەرەنسا لە شەڕی دژی داعش و راهێنانی پێشمەرگە و دانانی ستراتیجیەتی نوێی رێگری لە هەستانەوەی داعش کە ئێستا خەمێکی گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، فەرەنسا یەکێکە لە وڵاتە چالاکەکانی شەڕی دژی داعش لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا لە رێگەی کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی جەنگی هەروەها راهێنان بە پێشمەرگە هاوکار بووە لە شەڕی داعش ، کۆتایی مانگی ئابی 2021 ئێمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر رایگەیاند :” پەیوەندیی مێژوویی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگەی کوردستان بە رابەرایەتیى سەرۆک مەسعود بارزانی کرد لە تێکشکاندنی داعش، بەردەوامبوونی پشتگیری و هاوکاریی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە”، گوتووشیەتی “هاتنمان بۆ کوردستان، پەیامێکە کە فەرەنسا دەستبەرداری دۆستەکانی نابێت”.
هەڵوێستی دۆستانەی فەرەنسای کرد لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکاندا، ئاماژەشی بە گرنگیی كاركردن و هەماهەنگیکردن له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى کرد له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق بەگشتی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق .
جگە لە پرسی داعش و مەترسییە ئاسایشیەکان لە ناوچەکە و عێراق ، پرسێکی دیکە کە لە نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت فەرەنساشە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەتایبەت لە دوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی کە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بە سیاسی ناوی دەبات لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، ئێستا گفتوگۆیەک لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە هەیە،شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد بۆ قسەکردن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، فراکسیۆنەکانی کوردستان دەیانەوێت ٪14ـی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە جێگیر بکەن، دوای ئەوەی بودجە دەنێردرێت بۆ پەرلەمانی عێراق .
هاوشانی ئەو پرسانەش پەیوەندی ئابووری و بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پرسێکی دیکە دەبێت لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس، ئێستا زیاتر لە 35 کۆمپانیای فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، وەبەرهێنانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بایی زیاتر لە ملیارێک دۆلار دەبێت، فەرەنسا ئامانجیەتی لەو رێککەوتنانەی لەگەڵ عێراقی کردووە بەشێکی وەبەرهێنانەکان لە هەرێمی کوردستان بێت و پەرە بە پەیوەندییەکانی لەوبارەوە بدات .