گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەنجامی باشیان هەبووە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی کردووە و کۆبوونەوەکانیش ئەنجامی باشیان هەبووە و دەشڵێت چاوەڕێ دەکەن لەسەر ئەو خاڵانەی کە لەگەڵ بەغدا ناکۆکن، بگەنە لێکگەیشتنێکی هاوبەش.

د.جوتیار عادل، بە پێگەی فەرمیی حکوومەتی ڕاگەیاندووە: شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ کۆبوونەوەی گرنگی کردووە، کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بوو و تیایدا باس لە بنەما سەرەکییەکانی یاسای نەوت و گاز کرا و شاندی حکوومەتی هەرێم تێڕوانینی هەرێمی کوردستانی لەبارەی پرۆژە یاساکەوە خستەڕوو و پاشان گفتوگۆ لە بارەی ئەو بنەما سەرەکییانە کرا بۆ ئەوەی لە یاسای نەوتی عێراق جێگیر بکرێن.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی: شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار هەبوو بۆ داڕشتنی دواین خاڵەکانی بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و گفتوگۆش لەسەر تەوەرە سەرەکییەکان کراوە و لێکگەیتشتنی باشیش هەبوو و دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە کرا کە پێویست بوو لەو بودجەیە جێگیر بکرێن.
د.جوتیار عادل گوتی: شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقی فیدراڵی کرد بۆ باسکردنی چۆنییەتی بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا، سەبارەت بە تەعریفەی گومرکی و هەماهەنگی باشتر لە نێوان هەردوولا. کۆبوونەوەکانیش ئەنجامی باشیان هەبووە، بەڵام دیسانەوە چاوەڕێین ئەو خاڵانەی کە هێشتا لەسەریان ناکۆکین ، گفتوگۆیان لێوە بکەین و بگەینە لێکگەیشتنێکی هاوبەش.