ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی شوێنی نۆژەنكردنەوەی بۆرییەكانی ئیفراز سێی كرد.
بە مەبەستی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەنەبوونەوەی گرفتی شكانی بۆریی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوای خەرجكردنی گوژمەی پێویستی لە ئەنجومەنی وەزیران كرد و لە كۆتایی ساڵی پاردا مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا بە خەرجكردنی گوژمەی 20,842,500,600 دینار بۆ پرۆژەكە و ڕاستەوخۆ دەست بە نۆژەنكردنەوە كرا.
لە سەردانەكەیدا كە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرە پەیوەندیدارەکانی وەزارتی شارەوانی و گەشتوگوزار یاوەری بوون، ئەندازیارانی سەرپەرشتیار، کورتەیەکیان دەربارەی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کارەکان و کاتی خایانراوی پڕۆژەکە ڕوون كردەوە و ساسان عەونی سوپاسی ئەندازیار و تەکنیکار و کرێکارەکانی پڕۆژەکە کرد کە بە دڵسۆزییەوە کارەکان بە کوالێتییەکی باش ئەنجام دەدەن.
لە كاتی دەستپێكی پرۆژەكەدا، ساسان عەونی بەڵێنی بە هاووڵاتییانی شاری هەولێر دا، تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەموو توانایەكیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بە زووترین كات تەواو ببێت و ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەم نۆژەنكردنەوەیە بە تەواوی لە گرفتی شكان ڕزگاری دەكات كە ماوەی چەندین ساڵە تووشی دەبوو.
پرۆژەی ئیفرازی سێ، 40%ی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتیوانی شاری هەولێر دابین دەكات، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر بۆرییەكە، بەردەوام دەشكا و بۆ ماوەیەك بەشێكی زۆری دانیشتیوانی شاری هەولێر بێ ئاو دەبوون، لەپێناو چارەسەری ڕیشەیی ئەو كێشەیە، بڕیار درا بە گۆڕینی بۆریی هێڵی گواستنەوەی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێر لە بۆریی (GRP)ی تیرە (1500)ملیمەوە بە بۆریی كاربۆن ستیل.
سەرەتا قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە تەواو دەبێت كە گوژمەی 4,354,750,000 دیناری لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ تەرخان كراوە. ئەم قۆناغە لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا بە درێژایی 2750 مەتر بە بۆری 1,5 مەتری بۆریی كاربۆن ستیل دەست پێ دەكات تا دەگاتە 108ی عەنكاوە لە كۆی ئەو 11 كیلۆمەترەی كە بۆرییە كۆنەكەی تێدا دەگۆڕدرێت.