بە بڕیاری بانكی ناوەندیی عێراق لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڕی حەوت هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێتە گەشتیاران.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: “لە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی بانکی ناوەندی بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران بۆ دەرەوەی وڵات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەولێر، دوێنێ بڕیارەکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر چووە بواری جێبەجێکرنەوە و ئەمڕۆش خۆشبەختانە ڕێکارەکانی فرۆشتنی دۆلار لە فرۆکەخانەی سلێمانی تەواو کرا.”
زیاتر گوتیشی: “موژدە دەدەینە خەڵكی سلێمانی كە گەشتیارانی دەتوانن لە ڕێگەی لقی سلێمانیی RT بانکەوە بەپێی مەرجەکانی بانکی ناوەندی تاوەكوو بڕی حەوت هەزار دۆلار بەنرخی 132 هەزار دینار بۆ هەر100 دۆلارێک سوودمەند بن لەم کارئاسانییە.”
ئاماژەی بەوەش دا ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی گرنگی دەبێت لەسەر نرخی دۆلار و دابینکردنی بەشێک لە داخوازیی هاووڵاتییان بۆ کڕینی دۆلار و گوتیشی: “هاووڵاتییانی ئازیزی سلێمانی دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی باس لە هەبوونی ڕێگری و جێبەجێنەکردنی ئەم بڕیارە دەکەن لە سلێمانی دوورن لە ڕاستییەوە و بڕیارەكە وەكوو خۆی جێبەجێ دەكرێت.”
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەیشی ئاشكرا كرد: ”ئەم بڕیارە جگە لە هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیش جێبەجێ دەكرێت و دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێتە گەشتیاران و بانكی ناوەندی بۆ ئەو مەبەستە نووسراوی دەركردووە و بانكی بازرگانیی ئاگادار كردووەتەوە.”