یەکێتیی لاوان، قوتابییان و ئافرەتان، کەمپینێکیان بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکە ڕاگەیاند

ڕائیب جادر – هەولێر

نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، لەم هەڤپەیڤینەدا دەڵێت: دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەمپینی سەرتاسەریی کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا، بە ھاوبەشی لە نێوان ھەر سێ ڕێکخراوەکانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، لە سۆنگەی ھەستکردن بە ئەرکی مرۆڤایەتی و نەتەوەییمان، ھەڵمەتێکی سەرتاسەرییمان لە ژێر دروشمی “کوردستان یەک پارچەیە، ئەو سنوورەی جیای دەکاتەوە دەستکردە” ڕاگەیاند بە مەبەستی کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە، ھەڵمەتەکەش بۆ ماوەی یەک ھەفتە لە ڕێگەی حەوت لیژنە بەردەوام دەبێت، دواتر ھاوکاریەکان ڕەوانەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێن.

بڕیاریش بوو ئەمساڵ بە بۆنەی ١٨ی شوبات، یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابییان و لاوان، چەند ئاھەنگێک ساز بکەین، بەڵام وەک ڕێزگرتن لە گیانی قوربانیانی بوومەلەرزەکە، ئاهەنگەکانمان هەڵوەشاندەوە.
سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، دەشڵێ: لەو شوێنانەی حکوومەتی ھەرێم دەست نیشانی کردووە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاری، کادیرانی ھەر سێ ڕێکخراو پاڵپشتی کەمپینەکە دەبن، لە ھەمان کاتدا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی سەربەخۆمان ڕاگەیاندووە و ئەوەی کۆدەکرێتەوە، پێشکەش بە کەمپینە گشتییەکە دەکرێت، کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێم بەڕێوە دەبرێت، جگە لەوەی وەکو کادیرانی ھەر سێ ڕێکخراو ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ھەر ئەرکێکی مرۆیی کە حکوومەتی ھەرێم پێویستی پێ بێت.
کەلاری، گوتیشی: داوا لە گەلی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەکەین پاڵپشتیی ھەڵمەتەکە بکەن.