ڕائیب جادر – هەولێر
شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێستە لە بەغدایە، ئامانج لە سەردانی ئەم شاندە، بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر شایستە داراییەکانی ھەرێم لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ عێراق و پڕۆژە یاسای نەوت و گاز و ماددەی ١٤٠ و چەند دۆسیەیەکی دیکە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێ: بوودجە و یاسای نەوت و گاز بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئامادە دەکرێن و لە پەرلەمان پەسەند دەکرێن.
شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەبارەی کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، گفتوگۆ کرا، بۆ ڕێککەوتن لەسەر چەند دۆسیەیەکی ھەڵپەسێردراو کە لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق بە چارە نەکراوی ماونەتەوە.
شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامییەتی ھەریەکە لە کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، خالد ھادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەت و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا، پێکھاتوون.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبووەوە. ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێن: چەندین بابەتمان لەگەڵ سەرۆککۆمار باسکرد، لەوانە ڕەوشی عێراق بەگشتی و حکوومەتی عێراق کە کورد لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشێکە لێی. ھەروەھا باس لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە ھەرێمی کوردستان کرا. سەرۆککۆمار ڕایگەیاند ھەوڵەکان چڕبوونەتەوە بۆ ئەوەی دادگای باڵایی فیدراڵی پێک بھێنرێتەوە، چونکە ئێمە دەزانین کاتی خۆی زۆرینەی لایەنە کوردستانییەکان بەو پێکھاتە و فۆرمە دەنگیان نەداوە. ھەروەھا باس لە ماددەی ١٤٠ی دەستوور، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و چەندین دۆسیەی وەکو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و تێڕوانینی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان کرا، ھەروەھا باسمان لە پێشێلکارییە زەقەکانی دەستووری عێراق کردوو و داوامان لە سەرۆککۆمار کرد وەکو پارێزەری دەستوور، ھەوڵەکانی بۆ چارەکردنی ئەو گرفتانە، بخاتە گەڕ.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: لەگەڵ ھەرێمی کوردستان گەیشتووینەتە ڕێککەوتن لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی نەوت و دابینکردنی دارایی لە یاسای بوودجەدا.”
سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەشڵێ: دوای پەسندکردنی بوودجە دەچینە سەر دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، ئەمە یەکێکە لە گرنگترین شایستەکان ھەر لەو کاتەوە دەستوور نووسراوەتەوە، چونکە تەنیا ھەرێمی کوردستان چاوەڕێی یاسای نەوت و گاز ناکات، بەڵکو ھەموو پارێزگا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت چاوەڕێن، تا بزانن دەسەڵاتەکانیان چین و چی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە.”
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ھەبوونی یاسای نەوت و گازی لە عێراق بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بە تێروانینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر کۆی پرۆژە یاساکە کرد، گوتیشی: سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێم لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکانی حکوومەتی ھەرێمە بۆ بەغدا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەربارەی یاسای نەوت و گاز و بوودجە و ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و چەندین بابەتی دیکە.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، زیاتر دەڵی: لە چوارچێوەی سەردانەکەمان بۆ بەغدا، یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کرد، گفتوگۆمان دەربارەی پەرەپێدانی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بابەتە پەیوەندیدارەکان بوو.
شوان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ “ھەولێر” گوتی: مەبەست لە سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بەردەوامیی دانە بە دانوستاندنەکان لەسەر ژمارەیەک پرس، بەتایبەتی دانوستاندن لەسەر نەوت و گاز و بوودجە و ماددەی ١٤٠، پێشتریش دانوستاندن لەسەر ئەو پرسانە کراوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ھاتنی شاندی حکوومەتی ھەرێم لەم کاتەدا بۆ بەغدا گرنگیی زۆری ھەیە، چونکە بوودجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و یاسای نەوت و گازیش ماوە و دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا ئامادە بکرێت، بۆیە ھەر دوو پڕۆژەیاساکە بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئامادە دەکرێن و لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دەدرێت و پەسەند دەکرێن”.
شوان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، زیاتر دەڵێ: لە کاتی خۆی بوودجەی ھەرێمی کوردستان ١٧% بوو، پاشان کرایە ١٤%، دواتر بوو بە ١٢%، ئەوەش نەما، بەغدا مانگانە ٢٠٠ ملیار دیناری رەوانەی ھەرێم دەکرد، دوای چەند مانگێک ئەوەش نەما، ئەمجارە کورد ھەموو ھەوڵێک دەدات لە بوودجەی ٢٠٢٣ پشکی کورد زیاد بکرێت”.