شاندێکی حزبی شیوعی چین، سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد

دوێنێ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازل میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، پێشوازی لە شاندێکی حزبی شیوعی چینی بە سەرۆکایەتی، ژو روی، جێگری وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوە و گەشەپێدانی حزبی شیوعی چینی کرد.

لە دانیشتنەکەدا کە سیداد بارزانی و مەحمود محەمەد و ئامینە زکری و زاگرۆس فەتاح ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و، جەعفەر ئیبراهیم ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی گشتی پارتی ئامادەی بوون، فازل میرانی وێڕای زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوان، خۆشحاڵی سەرکردایەتی سیاسی پارتی دەربڕی بەم سەردانە گرنگە، کە لەلایەن حزبی شیوعی چینی بۆ هەرێمی کوردستان کراوە.
فازل میرانی، پەیوەندییەکانی نێوان حزبی شیوعی چینی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرکەوتوویی وێنا کرد و، هیوای خواست هەردوولا پەرە بەم پەیوەندییانە بدەن، کە لە خزمەت هەردوولادا بن.
میرانی، دوپاتی کردەوە، کە کوردستان پێویستی بە کۆمپانیاکانی بیانییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بواری وەبەرهێناندا. تەئکیدی کردەوە، کە پارتی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبی شیوعی چینی و بە ئاست بەرز لە قەڵەمیدا.
لەلای خۆیەوە، ژو روی، سەرۆکی شاندی حزبی شیوعی چینی، سوپاسی سەرکردایەتی پارتی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کرا و، پیرۆزبایی حیزبی شیوعی چینی گەیاندە سەرکردایەتی پارتی بەبۆنەی بەستن و سەرکەوتنی کۆنگرەی ١٤ی پارتی و دووبارە هەڵبژاردنی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی و هەردوو جێگرەکەی.
ژو روی، سەرۆکی شاندی حزبی شیوعی دوپاتی کردەوە، کە حزبی شیوعی بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی هەردوولا و، ئەم پەیوەندییانە ڕۆژ دوای ڕۆژ پتەوتر دەبێت.
هاوکات سەرۆکی شاندی حزبی شیوعی چینی، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئەنجامدانی ئەم سەردانە و سەرسوڕمانی خۆینیشاندا بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی. ئاماژەی بەوەکرد کە لە شەقام و کۆڵان و گەڕەکەکانی ئاوەدانکردنەوە دەبینرێت و گوتی؛ ئەمە جێگای دەستخۆشییە. لە کۆتاییدا هیوای خواست کوردستان هەر لە پێشکەوتندا بێت.