نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی هاوخەمی بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات، گەیشتە دیلۆکی باکووری کوردستان و گوتی، بەهۆی ئەو کارەساتەی روویداوە لە هەموو ماڵەکانی کوردستان پرسەیە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی شوبات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند شارێکی دیکەی باکووری کوردستان دەکات کە لە بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی شوباتدا زیانیان بەرکەوتووە. هاوکات لەگەڵ تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاریی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە دیلۆک سوپاسی سەرۆکی شارەوانیی دیلۆک کرد و گوتی، سەردانەکەیان بۆ دەربڕینی خەمخۆریی و وەفادارییە بۆ خەڵکانی لێقەوماو.
بە ناوی سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستانەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لەو ماڵباتانە کرد کە “ئازیزانیان” لەدەستداوە. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست
وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “تورکیا لە هەموو دۆخەکە ناخۆشییەکانماندا هاوکار و پاڵپشتمان بووە.”
نێچیرڤان بارزانی گوتی: “بەهۆی ئەم موسیبەتەوە لە هەموو ماڵەکانی کوردستانی عێراق پرسەیە.”
هەر ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرە دەکات و لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆدەبێتەوە. دواتر دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.