وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وادەی کۆتاییهاتنی کەمپەینی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی هەینی داهاتوو کۆتایی دێت.
لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزە لە تورکیا و سووریا و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ڕاسپاردنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە سەرپەرشتیکردنی کەمپەینی هاونیشتمانییانی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک، سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ کوردستانیانی ئازیز هەیە کە وەکوو هەمیشە بەشدارییەکی کاراییان لەو کەمپەینە کردووە و ماڵ و کەلوپەلی خۆیان و سەروەتیان لە گەڵ لێقەوماوان بەش کردووە.
ڕاشیگەیاند: ئەو کۆمەکانەی کۆکراونەتەوە، لەلایەن تیمەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خۆبەخشەکان پۆلێن و ئامادە دەکرێن و ڕۆژانە بۆ هاوکاری لێقەوماوان ڕەوانەی تورکیا و سووریا دەکرێن.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش داوە کە بۆ ئەوەی پڕۆسەی گەیاندنی کۆمەک بە لێقەوماوان بە خێرایی بەڕێوە بچێت، ئەو کەمپەینە لە ئێوارەی هەینی 17ـی 02ـی 2023 کۆتایی دێت.