وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هۆشداریی لە بڵاوبوونەوەی “دراوی ساختە” دەدات و داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەکاتی مامەڵەدا ئاگاداربن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، “ماوەیەکە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە.” هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات “زیاتر چاوکراوەبن لە کاتی مامەڵەکردن بە جۆرەکانی دراو تاوەکو تووشی زیان نەبن.”
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوبەرایەتی بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی خولی هۆشیاری بۆ خەزنەداری بانکەکان کردۆتەوە تا زیاتر چاو کراوە بن لەکاتی مامەڵەکردن بەدراوەکان، بڕیاریشە خولی هۆشیاری بۆ فەرمانگەکان و نوسینگەو کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بکرێتەوە تا هەموان زیاتر بەئاگا بن لە بڵاوبونەوەی دراوی ساختەو مەترسیەکانی.
وەزارەتى دارایی و ئابوری هەرێم دەڵێت، لەماوەی ڕابردوشدا لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی عێراقی ساختە لە جۆری 25 هەزاری و 50 هەزاری و دۆلاری ئەمریکی ساختە لەجۆری 50 دۆلاری و 100 دۆلاریدا گیراوەو ڕێکاری یاسایی پێویست لەوبارەیەوە ئەنجام دراوە.