دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

کاروانێکی دیکەی ئامێری کارکردن لە هەولێر بۆ دۆزینەوەی ونبووان لە بوومەلەرزەی تورکیا و سووریا ڕەوانە کرا

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی تورکیا و سووریا و بە هەموو شێوەیەک هاوکارییان دەکات و بۆ زیاتر هاوکاریکردنیش کاروانێکی دیکەی ئامێری کارکردن دەنێرێت بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن و تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە.

محەمەد مەهدی، بەرپرسی یەکەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لە بەشی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی دەزگای گشتیی خێرخوازیی بارزانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”هاوکارییەکانمان بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان خۆی لە دەیان جۆری هاوکاری دەبینێتەوە وەکوو تیمی تەندروستی کە بەدوای کەسانی بێسەروشوێن دەگەڕێن و پسپۆرن و خولیان بینیووە و خواردنی گەرم و شوێنی خەوتن و ئاویان بۆ ئامادە دەکەین و کاروانێکی دیکە لە هەولێر بەڕێ کەوتووە کە ئالیەتێکی زۆریان پێیە بۆ کارکردن بۆ ئەوەی بەدوای کەسانی بێسەروشوێندا بگەڕێن.”

مەهدی ڕوونیشی کردەوە: ”ئێمە سەردانی شێخ حەدید و جندرێس و عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە باکووری کوردستانیش سەردانی ئادیەمەن و مەلاتی و ئورفا و ئیسلاحیە و دیلۆکمان کردووە و هەوڵمان داوە لەو شوێنانەی پێویستیان بە ئێمە هەیە هاوکارییان بکەین، بۆیە یارمەتیی زۆری ئەو ناوچانەمان داوە.”

محەمەد مەهدی گوتیشی: ”ئێمە بە هەموو شێوەیەک بۆ هاوکاریی ئەو کەسانەی یارمەتی پێشکەش دەکەن بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی تورکیا و سووریا و ئەوەی لەتوانادا بێت بۆیان ئەنجام دەدەین.”

محەمەد مەهدی باسی لەوەش کرد: ”8 هەزار ژەمی ئامادەکراو و 2 هەزار ژەمی خواردنی گەرم و 7 هەزار بەتانی و 426 کارتۆنی دەرمان و 5 کامیۆنی ئاو و 223 نەخۆشمان بینیوە و 175 کەس هاوکاریی تەندروستی کراون.”