سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی:بە پشتوانی سەرۆک بارزانی هاوکاریی زیاتر ڕەوانەی تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین

لە ‌٢٤ کاتژمێری یەکەمی ڕووداوی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حکوومەتی ھەرێم، یەکەم لایەن بوون کە ڕەزامەندییان لە حکوومەتی تورکیا وەرگرت و توانییان خۆیان بگەیەننە ئەو وڵاتە و لە ‌یەکەم ھەنگاودا، خواردنی خێرا بۆ لێقەوماوان دابین بکەن و دەرھێنانی کەسانی زیندوو و تەرم لەناو باڵەخانەکان دەست پێبکەن، ئەم ھەنگاوە لە تورکیا کاردانەوەی گەورەی لێ کەوتەوە و بووە جێگەی دڵخۆشی خەڵکی ئەو ناوچانەی بەھۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە. سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەڵێت: بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی ھاوکاری زیاتر دەگەینە تورکیا و خۆژئاوای کوردستان.

بە ڕێنمایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، تیمەکانی ڕزگارکردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کاروانەکانی فریاگوزاریی حکوومەتی ھەرێم، ڕۆژی دووشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ بەرە و تورکیا بەڕێکەوتن بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە. ھەر لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، بڕیاردرا کەمپینێکی بەرفراوانی گەیاندنی ھاوکاری و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی کارەساتەکە ڕابگەیەنرێت و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران بۆ ئەم مەبەستە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر. لە گشت شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان کۆمەک و ھاوکاری بۆ لێقەوماوان کۆ دەکرێتەوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا کاروانی ھاوکاری دەگاتە ئەو شوێنانە.

سەرۆککۆماری تورکیا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد
پێشنیوەڕۆی ٩ی ئەم مانگە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆککۆماری تورکیا سوپاسی سەرۆک بارزانی و ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ ھاوخەمی و ھاوسۆزییان لەگەڵ گەلی تورکیا و خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکە.

نزیکەی ٢٠ تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە نێردراون
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێم، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆمەک و ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی تورکیا و سووریا ئاشکرای کرد: ٣٠ پزیشکی پسپۆڕ و گشتی و ٢٥ کارمەندی شارەزا سەر بە وەزارەتی تەندروستی و ھەروەھا ٢٥ ئەمبوڵانس، بەشداری لە ھاوکارییە مرۆییەکانی تورکیا و سووریا دەکەن، بەمەبەستی بەھاناوەچوون و پشتیوانیی قوربانییانی بوومەلەرزەکە.
گوتیشی: وەزارەتی تەندروستیی تورکیا لە ڕێگەی کونسوڵخانەی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لێکردووین دەرمان و پێداویستی تەندروستی زیاتر پێشکەش بەو وڵاتە بکەین، چونکە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییانی تورکیا پێویستییان بە چارەسەری تەندروستی ھەیە، لەسەر ڕەزامەندیی و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کە ھەموو ئامادەییەکی بۆ ھاوکاری پیشانداوە. وەکو وەزارەتی تەندروستی بەشدارین لە کۆکردنەوەی ھاوکاری و کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە؛ تائێستە نزیکەی ٢٠ تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکیمان ڕەوانە کردووە. ھاوکات دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستی زۆری پزیشکی ڕەوانە کردووە و بەشێکی دیکەشی ئامادە کردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی تا ئێستە توانیویەتی ھەزاران تۆن خۆراک و کەلوپەلی پێویست بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە دابین بکەن
دەزگای خێرخوازیی بارزانی سیاسەتی وایە کە بۆ یارمەتییە مرۆییەکان سنوور ناناسێ و جیاوازی ناکات لە نێوان زمان و نەتەوە و ئایینەکان و لە کوێ مرۆڤەکان پێویستییان بە ھاوکاری بێت، یارمەتییان دەدات و تیمی ھاوکارییان ناردووە بۆ تورکیا و خۆرئاوای کوردستان بۆ بەھاناوەچوونی لێقەوماوان.
بە ڕێنمایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تیمەکانی ڕزگارکردنی دامەزراوەکە و کاروانەکانی فریاگوزاری، ڕۆژی دووشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ بەرەو تورکیا بەڕێ کەوتن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕاپۆرتی دووەمی تایبەت بە کۆمەکی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، ١٤ بارھەڵگری دیکەی کۆمەک و پیتاکی پزیشکی و پێداویستی لۆجستی و گەرمکەرەوە و خواردن ئامادەکراون بۆ دابەشکردن بەسەر لێقەوماواندا، ئەمە لە کاتێکدایە یەکەم کاروانی ھاوکارییەکان پێکھاتبوو لە ١٥ ئۆتۆمبێل و ٥٠ کارمەندی فریاگوزاری گەیشتنە تورکیا، کاری ڕۆژانەیان بریتییە لە چارەکردنی بریندارەکان و دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان بە ئەمبوڵانس.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین دەمێنێتەوە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیشتە شاری عەفرین لە خۆرئاوای کوردستان، سەرۆکی دەزگاکەش گوتی: خەڵکی خۆرئاوای کوردستان زۆر بە گەرمی پێشوازییان لە ئێمە کرد و بەڵێن دەدەین، ھەرچی لەدەستمان بێت بۆ ھاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بکەین.
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی راگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم ئێمەی ڕاسپاردووە ھاوکاری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی سووریا و تورکیا بکەین، لە ھەموو شوێنێک خزمەتکاری خەڵکی خومان دەبین و بەبێ جیاوازی ھاوکاری ھەموو لایەنێک دەکەین.

هاوکاریی زیاتر ڕەوانە دەکرێت
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ “ھەولێر” گوتی: تیمەکانمان لە تورکیا و خۆرئاوای کوردستان بەردەوام ھاوکاری لێقەوماوان دەکەن، تا ئێستە توانیومانە سەدان تۆن خۆراک و کەلوپەلی پێویست بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و ڕۆژئاوا دابین بکەین، لە داھاتووشدا ھاوکاری زیاتر ڕەوا